کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەبوودوەند لەگرتوخانە‌ی ئێوینەوە لەنامەیەكدا تیرۆری رێبەران و هاووڵاتیانی كوردی مەحكووم كرد

17:09 - 15 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: محەممەد سەدیق كەبوودوەند بەرپرسی دەستبەسەر كراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەنامەیەكدا توندوتیژی و كوشتنی رێبەرانی كوردی مەحكووم كرد.
نوسخەیەك لەو نامەیە بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی نامەكە:


تیرۆر و كوشتنی رێبەران و هاووڵاتیانی كورد مەحكوومە

توندوتیژی و تیرۆر جارێكی دیكە نەتەوە و رێبەرانی كوردی كردە ئامانج. تیرۆریستەكان بە تەقاندنەوەی ماشێنی ئاغای عیسا حەسۆ ئەندامی كۆمیتەی پێوەندییەكانی دەرەوەی شۆرای باڵای كوردستان، ئەو سیاسەتمەدارەی كوردیان لەشاری قامیشلو تیرۆر كرد و بەو هەوڵەیان جەنایەتێكی دیكەیان بە جەنایەتەكانی پێشوویان زیاد كرد.

من محەممەد سەدیق كەبوودوەند داخ وكەسەرەی خۆم لەو رووداوە بەژانە و هەروەها كوشتار و بە دیل گرتنی دەیان هاووڵاتیی مەدەنیی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا لەلایەن تیرۆریستەكانەوە، دەردەبڕم و وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ كۆمەڵگەی سیاسیی كورد، پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بۆنەی تیرۆری ناجوامێرانەی عیسا حەسۆ لە نەتەوەی كورد دەكەم.

كردەوە تیرۆریستییەكان بۆ سەر رێبەران و هاووڵاتیان و چالاكانی سیاسیی كورد و بە دیل گرتن و رفاندنی هاووڵاتیانی، دژە مرۆڤانە، جەنایەتكارانە و مەحكوومە.

داوا لە هەموو وێژدانە بە ئاگاكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەم لەو چەشنە هەوڵە دژە مرۆیانە كە لە كوردستانی رۆژئاوا رووی داوە، مەحكووم بكەن.

تاران، گرتووخانەی ئێوین

محەممەد سەدیق كەبوودوەند

١٤‌ی گەلاوێژی ١٣٩٢‌ی هەتاوی