کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید بۆ کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی خراپتر بووە

13:26 - 5 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆی کە بۆ کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادە کراوە، بە نیسبەت بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی دەربڕیوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نوێترین راپۆرتی ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران کە بۆ ٦٩ـەمین کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کراوە و تێیدا ئاماژە بە بارودۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران کراوە.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتەکەیدا باسی لە خراپ‌تربوونی دۆخی مافی مرۆڤ دوای هاتنەسەرکاری سەرکۆماری نوێ دەکات.

دوکتور ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ کە لە کاتی هاتنەسەرکاری رۆحانیـەوە، زیاتر لە ٨٥٢ زیندانی لە سێدارەدراون و زۆرینەی لە سێدارەدراوەکان بە تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودا لەسێدارە دراون و زۆربەشیان لە نەتەوە بندەستەکانی ئێرانن.

رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە هەروەها بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی دەوڵەتی تازە، لە سێدارەدانی بەندکراوانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ هەر درێژەی هەیە و لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٨ کەس لەو تەمەنەدا لەسێدارە دراون.

لە پێوەندی لەگەڵ خوێندن بە زمانی زگماکی نەتەوەکانی ئێران و جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتی ئێران، لە راپۆرتەکەی دوکتور ئەحمەد شەهیددا هاتووە: بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی رۆحانی هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو پێوەندیەدا هەڵنەگیراوە.

رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا، ئاماژە بە بارودۆخی نالەباری زیندانییانی سیاسیی و لێدانی زیندانییانی وەک محەممەد سدیق کەبوودوەند لە زیندانی ئێڤین دەکات.

هەروەها ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە سەر سەرکوتی چالاکانی مافی مرۆڤ و بانگهێشتی زیاتر لە ٨٥ چالاکوانی کورد و مەترسی لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی عەقیدەتیی کورد راگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید زیاتر لە ٣٥ رۆژنامەنووس بەندکراوان و برایانی مەسعوود و خۆسرەو کوردپوور بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی رێژیم و وتووێژ لەگەڵ میدیا بیانییەکان بە ٦ ساڵ و ٣ ساڵ و نیو بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە حوکم دراون.

هەر لەو پێوەندییەدا، گرووپی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی بەندکردنی نادادپەروەرانە، داوای ئازادکردنی بێ‌مەرج و بێ ئەملاوئەولای برایانی کوردپووریان کرد و سزای بەندکردنیانی بە ناعادڵانە لە قەڵەم دا.

نوێترین راپۆرتی ئەحمەد شەهید سەرەڕای تیشک‌خستنەسەر پرسەکانی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی ئایین و رێکخراو، باسی بێکاری، قەیرانی دەریاچەی ئورمیە و ئاڵۆزی پرسی ژینگە بە تایبەت لە پارێزگاکانی خوزستان، کرماشان و کوردستان دەکات.