کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ئوردون هێرشی کردە سەر پەنابەرانی کوردستانی ئێران لەسەر سنووری ئەو وڵاتە

23:10 - 17 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سنوورپارێزانی ئەرتشی وڵاتی ئوردون هێرشیان کردووەتە سەر پەنابەرانی کوردستانی رۆژهەڵات و خێوەت و شوێنی جێگیربوونەکەیان بەسەردا رووخاندوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی سنوورپارێزی دەوڵەتی ئوردون رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بێ ئاگاداریی پێشوو و بە شێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاو هێرشیان کردە سەر پەنابەرانی کوردی ئێرانیی جێگیر لەسەر سنووری ئوردون ــ عێراق، بی ئەوەی دەرفەتێکیان بدرێتێ، ماڵ و خێوەتەکانیان بەسەردا رووخاندوون و شوێنەکەیان پێ چۆڵ کردوون.

لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی زایینی کۆمەڵێکی زۆر کوردی ئێران کە ژمارەیان زیاتر ٣٠ هەزار کەس دەبوو، لە ئێران ئاوارە و لە کەمپی ئەلتاش لە پارێزگای ئەنبار گیراسانەوە و پاش رووخانی رێژیمی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی ئاوارەی سنووری عیراق ــ ئوردون بوونەوە و پاش شەش ساڵ چاوەڕوانی لەلایەن \'\'UN\'\'ـەوە بۆ کەمپی ئەلوەلید راگوێزران.

لەم دوایی‌یانەشدا بەهۆی هێرشی داعش و تێکهەڵچوونەکانی نێوان سپای عێراق لەگەڵ ئەو گرووپە، ئاوارەیەک بەناوی \'\'ئاسۆ عەزیز\'\' بەیندار بوو و دواتریش بە ناچار کەمپەکەیان بەجێ هشێت و لە ئاوارەییدا ئاوارەی سنوور ئوردون بوونەوە.

هەنووکە دەوڵەتی ئوردون لە وەرگرتن و پەنادانی ئەو ئاوارانە خۆ دەبوێرێ و لەو پێوەندییەشدا دوێنێ لەلایەن سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتەوە هێرشیان کرایە سەر و خێوەتەکانیان بەسەریاندا رووخاندن.

پەنابەرانی کورد لەو سنوورە لە دۆخێکی شپرزە و بێ ئیمکاناتی دان و لەژێر گەرمای تاقەتپڕووکێنی ئەو سنوورەدا هیچ چەشنە یارمەتییەکی ماددی و مەعنەوییان لەلایەن هیچ رێکخراوێکی سیاسی و مەعنەوییەوە پێ نەگەیشتووە.