کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرسەلان کامکار دەستی لە بەرپرسیارەتی ئورکێست سەمفوونیکی تاران هەڵگرت

23:16 - 15 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی رێزلێنان لە هونەرمەندی ناوداری کورد ئەرسەلان کامکار، ژەنیاری بە ناوبانگ و لە مێژینەی ڤیۆلۆن لە هۆڵی وەحدەتی تاران بەڕێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٤ هەتاوی، ئەرسەلان کامکار، ژەنیاری خاوەن رابردوو و ناسراوی ڤیولۆن دوای پێشکەش‌کردنی بەرنامەی ئورکێست سەمفوونیکی تاران بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان لە تالاری وەحدەتی ئەو شارە، وازی لە بەرپرسایەتی مایستەری ئەو دامەزراوە هونەرییە هێنا.

ناوبراو، دوای پێشکەش‌کردنی ژمارە ٩ی بێتهۆڤن بە بەڕێوەبەریی عەلی رەهبەری، ماڵاوایی لە ئورکێست سەمفوونیکی تاران کرد و پاشان بە ئامادەبوونی هونەرمەندان، رێز لە کار و تێکۆشانی ئەو هونەرمەندە گیرا.

ئەرسەلان کامکار، نزیک بە دوو دەیەیە کە لە ئورکێست سەمفوونیکی تاران و ئۆرکێسترەکانی دیکەی ئێران، یەکێک لە بەرابردووترین و ناودارترینی ڤیولۆنژەنەکانی ئێران دێتە ئەژمار.

ئەرسەلان کامکار ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری سـنە لە دایک بووە دوای فێربوونی مووسیقی سەرەتایی لەلای باوکییەوە لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران دەستی بە کاری مووزیک کرد.

گرووپی مووزیکی کامکار ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی بۆ یەکەمین جار لە شاری سنە وەکوو گرووپێک بە سەرپەرەستی مامۆستا حەسەن کامکار دامەزرا و چەندین بەرنامەیان لە شاری سنە بەڕێوە برد.

کامکارەکان سەرەتا راهێنانەکانی خۆیان لە کۆڵان و حەوشی ماڵەکەیان ئەنجام دەدا و دوای ئەوەیکە لە بواری لێدانی ئاهەنگی بە کۆمەڵ (آنسامبل) رێک‌وپێکتر بوون، ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی وێڕای ئەندامانی ئەو گرووپە بە شێوەی فەرمی لە شارەکانی کوردستان کۆنسێرتیان بەڕێوە برد.

دوای ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی هەندێک لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە وەک هوشەنگ، بیژەن، پەشەنگ و ئەرسەلان کامکار بۆ فێربوونی مووزیکی زانستی چوونە تاران و لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی ئەو شارە درێژەیان بە خوێندن دا و دوای ماوەیەک ئەو گرووپی شەیدا و عارفیان دامەزارند.

گرووپی کامکارەکان هەتا ئێستا چەندین کۆنسێرتیان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوە بردووە و لە هەندێک لە فێستڤاڵە جیهانییەکانی مووزیک وەکوو WOMAD، سامێر ئێستێجی نیۆیۆرک و هۆڵە گەورە و بەناوبانگەکانی ئامریکا و و ئورووپا، بەشداریان کردووە.

هەروەها لە زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان کۆنسێرتیان بەڕێوە بردووە و بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتی تورکیەدا توانیان بەرنامەی موسیقیی کوردی لە شارەکانی ئیستانبووڵ و دیاربکر بەڕێوە ببەن.

ئەو گرووپە هەتا ئێستا چەندین ئاڵبۆمی مووسیقیان وەک هەورامان، زەردی خەزان، شلێرە، گەلاوێژ، کامکارەکان، ئاگری زیندوو، گوڵ‌نیشان، پڕشەنگ، کانی‌سپی، و هەروەها نووسین و وەرگێڕانی کتێب داوەتە دەر.
کامکارەکان لەسەر بانگهێشتی مامۆستایانی مووسیقی ئێران، ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی فێرگەی ئازادی مووسیقی کامکارەکانیان لە تاران دامەزراند.