کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلمانێكی دانمارك پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ خەباتی رەوای گەلانی ئێران راگەیاند

15:53 - 29 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەگەڵ نیكۆلای ویلۆمسن ئەندام پارلمان و وتەبێژی یەكیەتیی ئورووپا لەسەر لیستی پارتی سەوزی دانمارك، دیداری و چاوپێكەوتنی پێك هێنا و ئەو ئەندام پارلمانە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ خەباتی رەوای گەلانی ئێران راگەیاند.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بەڕێز نیكۆلای لەپارلمانی دانمارك پێشوازیی لە سەعید سوڵتانپوور نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەو وڵاتە و هەژار دەشتی كرد و لەو دانیشتنەدا لەسەر پرسە پێوەندیدارەكان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها پرسی كورد و ئێران باس و گفتوگۆ كرا.
نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەو دانیشتنەدا باسی لەخەباتی بەردەوام و رەوای گەلی كورد كردووە و لەو پێوەندییەدا باسیشی لەسەركوتەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو پێوەندییەدا كرد.
خەبات بۆ دێمۆكراسی لە ئێران و پەرەسەندنی سزای سێدارە لەو وڵاتە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێمۆكرات و ئەو ئەندام پارلمانەی دانمارك بوو.

هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێز نیكۆلاس پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ خەباتی رەوای گەلانی ئێران دووپات كردەوە و هیوای خواست كە سیستمێكی دێمۆكرات لەئێران جێگیر بكرێ‌.