کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزب بە بۆنەی هاتنی نەورۆز چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد

18:52 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ناوچەی ژاوەرۆ چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە گوندی سەرهوویەی ناوچەی ژاوەرۆ، پوستێری نەورۆزی حیزبیان چاپ و بڵاو کردەوە.

ئەو شوێنانەی چالاکی تەبلیغی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ژوور ئاوایی و خوار ئاوایی، دێهیاری سەرهوویە، کتێبخانەکانی سەرهوویه، دەورووبەری مزگەوتی سەرهوویه و هەموو کوچە و کۆڵانەکانی.

هەروەها خەڵکی نیشتمانپەروەری گوندی سوێروێ هەڵکەوتوو لە ٧ کیلۆمێتری شاری بانە ڕێوڕەسمی ئەمساڵی گوندەکەیان بە درووشمی لێرە کەس نیشتمان نافرۆشی، لە پێناویدا دەمرین دەست پێکرد.

بەپێی ئەم هەواڵە لاوانی مەشخەڵ بەدەست، بە هەڵگرتنی پلاکادرێک کە لەسەری نووسرابوو لێرە کەس نیشتمان نافرۆشی، لە پێناویدا دەمرین ڕوویان لە جەماوەری بەشداری ڕێوڕەسمەکە کرد، کە لەگەڵ چەپڵەڕێزان و خوشحاڵی ئامادەبووان بەرەوڕوو بوویەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لاوانی نیشتمانپەروەری گوندی دەرەتفێ یەکێک لە دیوارەکانی ئەم گوندەیان بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان نەخشاند کە بووە هۆی خوشحاڵی خەڵکی ئەم گوندە.

هەروەها کیژانی دەروەستی کوردستان لە شاری بۆکان بە نووسینی درووشمی نەورۆزی جامانەکان پیرۆز بێت پێشوازییان لە نەورۆز و سەری ساڵی نوێ کرد.