کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد

17:24 - 21 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: یادی ٢٣ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لەشارەکانی بۆکان و رەبەت بە چالاکیی تەبلیغی بەرز راگیرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ٢٣ـەمین ساڵـڤەگەڕی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەرێستوورانی میکۆنۆسی شاری بێرلین، ئەندامانی و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیی بەربەرینی تەبلیغییان لەشوێن و گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی شاری بۆکان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانە بریتین لە پارکی محەممەد دیە، کۆڵانی محەممەد دیە، پارکی ساحلی، شەقامی مامۆستا بێکەس، پشتی مەکتەب قورئان، کۆڵانەکانی شەقامی کوردستان و شەقامی وەرزش.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات رۆژی پێنج‌شەممە لەکێوەڕەشی بۆکان بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردبوو.
هەروەها، تێکۆشەرانی دێموکرات لەشاری رەبەت بە بۆنەی ٢٦ خەرمانان لەفەرهەنگیان، شەقامی کانی گوێز، پارکی بەهاران، دەوروبەری قوتابخانەی کچان، پارکی هەوارە بەرزە و دەوروبەری مزگەوتی شافعی، دەوروبەری قوتابخانەی ابن سینا و لەجاددەکانی سیسێر و نستان تراکت و وێنەی تایبەت بەو رۆژەیان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەگوندەکانی هەنداوێ، لیلانی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لەشاری رەبەتەوە بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتوون، دواوی بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢٦ خەرمانان، ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و هاتوچۆی هاووڵاتییان بە توندی خراوەتە ژێڕ چاوەدێرییەوە.

تێکوشەرانی رێگای ئازادی و دێموکرات لەشارۆچکەی نەڵاس بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس لەکەمەربەندی نەڵاس و رگێڵ نەڵاس، گەڕەکی کەشاوێ، دەوروبەری پۆمپی بێنزین، جاددەی نەڵاس سەردەشت، رێگاکانی شیوەسەڵ و هڵوێ، جاددەی واوان ــ نەڵاس و دوروبەری موڵکی سپا تراکت و وێنەی تایبەت بەو رۆژەیان بڵاو کردەوە.