کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران لە عێراق کوژرا

16:16 - 17 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیم کە لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە نێردرابووە عێراق لە شەڕ و نائارامییەکانی ئەو وڵاتەدا کوژرا.
هەواڵدەرییەکانی رێژیم بڵاویان کردووەتەوە، ئەندامێکی دیکەی سپای پاسداران بە ناوی کەماڵ شیرخانی، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شەڕ و نائارامییەکانی عێراق لە شاری \'\'سامێرا\'\'دا کوژرا.

پاش \'\'عەلی رەزا مەشجەری\'\' ئەندامی یەگانی تایبەتیی سابرین و \'\'شوجاعەت عەلەمداری مورجانی\'\' فڕۆکەوانی هێزی هەوایی رێژیم، ئەمە سێهەمین ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانە کەلە شەڕی عێراقدا دەکوژرێ.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردەوە کە هاووڵاتییەکی بە رەگەز پاکستانیی دانیشتووی شاری قوم بەناوی جاوید حوسێن لە شاری سامێرا لە وڵاتی عێراق کوژراوە.

بەپێی راپۆرتەکان لە چەند مانگی رابردوو رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییانی ئەفغانی و پاکستانی بە کرێ دەگرێت و بە مەبەستی پشتیوانیی رێژیمی بەشار ئەسەد و دەوڵەتی شیعەی عێراق رەوانەی سووریە و عێراق دەکات و لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی سێ هاووڵاتیی ئەفغانی دانیشتووی شاری مەشهەد لە شەڕی سووریە دا کوژرا بوون.

ئەو کەسانە لە چوارچێوەی گرووپە نیزامییەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان لەژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب و بەرگریکار لە شوێنە مەزهەبییەکانی ئۆلزای شیعە لە خاکی سووریە و عێراق لەو وڵاتانە شەڕ دەکەن.

لەو پێوەندییەدا ئەندامێکی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی بەناوی رەزا کارگەر بەزری بووە، رێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد و ئوپۆزسیۆنی ئەو رێژیمە کوژرا.