کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێكی حیزبی دێموکرات بە دەسڕێژی گووللە گیانی لەدەستدا

16:25 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێكی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوردستانی باشوور لە لایەن کەس یا کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٦:٣٠ خولەکی سەر لە بەیانی هاوڕێ ئەحمەد ئێرانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، دانیشتووی شاری هەولێر لە کوردستانی باشوور، لە شاری دیانا لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

کاک ئەحمەد ئێرانی خەڵکی گوندی کانی بەردەی شاری نەغەدە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بە هۆی فشار و هەڕەشەی ڕێژیم زێدی خۆی بەجێهشت و لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بوو. ناوبراو ٦ جار لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە درابوو و دواجار لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی ناچار بوو زێدی باب و باپیرانی بەجێ بهێڵێ.

بنەماڵەی کاک ئەحمەد، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕن، باوکی کاک ئەحمەد حسەین ئێرانی ناسراو بە حسەینی فەقێ عەوڵا لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لە گاردی پێشەوادا خزمەتی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.