کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسۆشەیتێد پرێس: شەپۆلێکی نوێی تیرۆرلەلایەن سپای قودس و حیزبوڵڵاوە، دەست پێ دەکاتەوە

13:05 - 12 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: کارناسێکی بواری دژە تیرۆریزم بە بڵاو کردنەوەی راپۆرتێک، هەواڵی هەوڵی نوێی سپای قودس و حیزبوڵڵا لەدژی ئەمریکای بڵاو کردووەتەوە.
لەم راپۆرتەدا کەلە هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس بڵاو بووەتەوە هاتووە، سپای قودس لقی دەرەوەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی هێزە میلیشیاییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بە تاوتوێ کردنی گەڵاڵەگەلێکی نوێ و گەڵاڵە سەرنەکەوتووەکانی تیرۆری دوو ساڵی رابردوو، ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە لە هەوڵی رێکخستنی هێرش‌گەلێکی نوێ لەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بن.
میتۆ لۆییت، شارەزای دژەتیرۆر نووسیویەتی: سپای قودس و حیزبوڵڵا کەلە هاوکاری کردندا پێشینەیەکی دوور و درێژیان هەیە، هەوڵەکانی خۆیان لەمەڕ چالاکی تیرۆریستی لەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا داوە.
ئەم نووسەرە وێڕای ئاماژە بە دوو هەوڵی تیرۆریستیی رێژیمی ئێران لە ساڵی رابردوودا لە بولغارستان و هەروەها هەوڵی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لە ئەمریکا، نووسیویەتی: نیشانەگەلێک لە سوور بوونی نیزامییان و میلیشیاکانی ئێران و لوبنان لەمەڕ هێرشی تیرۆریستی بۆسەر ئەمریکا دۆزیوەتەوە. بە بڕوای ئەم کارناسە گوشارەکانی رۆژاوا بۆسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران دەبێتە هۆی ئەنجام دانی ئەم کردەوەگەلە لەلایەن سپای قودس و حیزبوڵڵاوە.
میتۆ لۆییت وێڕای ئاماژە بە زیاد بوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و رۆژاوا لەسەر بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و بەکارهێنانی کەرەسەگەلێک لەجۆری ستاکس‌نێت لەلایەن ئەمریکاوە بۆ زیان گەیاندن بە دامەرزاوە ناوکییەکانی ئێران، رق و قینی لێپرسراوانی رێژیمی ئێران چەند قات کردووە.
لە مانگی مەی ٢٠١١ هەتا ژوویەی ٢٠١٢ی زایینی زیاتر لە ٢٠ گەڵاڵەی تیرۆری سپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنان لە سەرانسەری جیهان، پووچەڵ کراونەتەوە.