کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی کوڕێکی ناساندنی کتێب لە سویس

11:30 - 12 پووشپەڕ 2724

ناوەندی کولتووری کورد لە سویس، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە ١٠ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤) لە شاری بۆرگدۆرف سەر بە کانتۆنی بێرن، بە مەبەستی پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب خوێندنەوە و ناساندنی چەند پەرتووکێکی تازە چاپکراوی نووسەرانی کوردی دانیشتووی سویس لە ساڵی ٢٠٢٤ و هەروەها ڕێزلێنان لە قەڵەم ‌بەدەستانی کوردی دانیشتووی ئەم وڵاتە؛ بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سویس، کۆڕێکی پێک هێنا.

کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و دوای بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن پێشکەشکاری کۆڕەکە بەڕێز سەباح نیکخاوە، نووسەری تێکۆشەری خەڵکی باکووری کوردستان مامۆستا گەرناس کۆچەر باسێکی لە سەر گرنگیی کتێب و خوێندنەوە و پێشینەی نووسین و مەعریفە لە کوردستاندا، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان لە سێ بەشی جیاجیادا هەر یەک لە بەڕێزان: ئاکۆ ئەلیاسی، هەڵمەت مەعرووفی و ئامانج عەزیزکەندی، تازەترین بەرهەمە کتێبی چاپکراوی خۆیان ناساند.

هونەرمەند کەماڵ ماملێ بە خوێندنەوەی شیعر و چەند پارچە مۆسیقایەکی بێ‌کەلام، بەشداربوویەکی دیکەی کۆڕەکە بوو. هونەرمەند کاوە ئورمیەش بە وتنی چەند پارچە گۆرانی، کۆڕەکەی ڕازاوەتر کرد.

دوایین بڕگەی بەرنامەکە پێدانی لەوحی ڕێزلێنان بە کۆمەڵێک لە قەڵەم ‌بەدەستانی کوردی دانیشتووی سویس و ناساندنی بواری چالاکی و ناونیشانی کتێبەکانیان بوو، بریتی لە بەڕێزان: فەوزی ڕەمزی، گەرناس کۆچەر، ڕەحیم محەممەدی، ئاکۆ ئەلیاسی، سەباح نیکخا، هەڵمەت مەعرووفی، ئامانج عەزیزکەندی، عەزیز ئەحمەدی، کەماڵ ماملێ، هێژا مەنگوڕ، حەسەن ئازادە و خەبات پیرانشاری.

ئەم کۆڕە لەلایەن ئامادەبووانەوە وەک هەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوە لە کتێب و نووسەر و خوێندنەوە، بەرز نرخێنرا.