کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاڵای قوربانییانی هێرشی تێرۆریستیی حەماس لە کۆماری ئیسلامی، کۆرەی باکوور و سووریە

11:17 - 12 پووشپەڕ 2724

زیاتر لە ١٠٠ قوربانیی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەر بۆ سەر ئیسرائیل و ئەندامانی بنەماڵەکانیان سکاڵایان لەسەر ڕێژیمەکانی ئێران، کۆرەی باکوور و سووریە تۆمار کرد، بە تۆمەتی ئەوەیکە پشتگیریان لەو هێرشە کردووە و داوای قەرەبووی چوار میلیارد دۆلارییان کردووە.

ئەم داوایە کە لەلایەن ئەجومەنی نیشتمانیی دژە تۆمەت و شیرکەتی یاسایی "کرۆڵ ئەند مۆرینگ" لە دادگای فیدراڵی واشنگتۆن پێیتەختی ئەمریکا تۆمار کراوە، گەورەترین دۆسییە لە دژی وڵاتانی بیانی لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشە تیرۆریستییەکەی ١٥ی ڕەزبەرە و یەکەم داوای یاساییە کە ڕێکخراوێکی جولەکە پشتیوانیی لێ کردووە.

ڕێژیمەکانی ئەم سێ وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تێرۆریزم و بەپێی سکاڵای ڕۆژی دووشەممە تۆمەتبارن بەوەیکە پاڵپشتی دارایی و سەربازی و تاکتیکییان بۆ حەماس کردووە.

لەم پێوەندییەدا جاناتان گرینبلات، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی دژە تۆمەت لە وتووێژیکدا لەگەڵ بەشی فارسی ''دەنگی ئەمریکا'' وێڕای وەبیرهێنانەوەی مێژووی ١١٠ ساڵەی ئەم ڕێکخراوە لە بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکەگەرایی، کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بە گەورەترین لایەنگری تێرۆری دەوڵەتی، بەڵکوو بە یەکێک لە گەورەترین لایەنگرانی دژە جوولەکە لە جیهاندا ناو برد.

ناوبراو ئامانجی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەر سێ وڵاتی ئێران، کۆرەی باکوور و سووریە بۆ وڵامدەرکردنی ئەو سێ وڵاتە و وەدیهێنانی دادپەروەری بۆ زیاتر لە ١٠٠ داواکاری ئەم دۆسییە ناو برد.

لە دوای هێرشی تیرۆریستیی ١٥ ڕەزبەر لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران چەندین جار پشتیوانیی گشتی خۆیان بۆ ئەم هێرشە ڕاگەیاندووە و خوازیاری لەناوبردنی وڵاتی ئیسرائیل بوون.