کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، تووڕەیی ئیتلاعاتی لێ کەوتەوە

16:41 - 28 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ئامادەکاریی خەڵکی گوندی حاجی‌ئابادی جەغەتوو لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، پەرچەکرداری ئیتلاعاتی ساین قەڵای لێ کەوتەوە و لەو پێوەندییەدا ١٨ هاووڵاتییان بانگهێشت کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ساین‌قەڵا بە مەبەستی پێشگیری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز، کە لەلایەن خەڵکی گوندی حاجی‌ئابادی جەغەتوووە ئامادەکاریی بۆ کراوە، ١٨ هاووڵاتیی بانگهێشت کردووە و پێی راگەیاندوون کە ئیزنی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزیان نییە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی ناوچەی ئاڵەشین وتی: ترسی رێژیم لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز بە رادەیەکە کە وێڕای بانگهێشتی هاووڵاتییان، هەڕەشەشیان لە خەڵک کردووە کە نابێ لەو رێوڕەسمانەدا بەشداری بکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا و سەرەڕای گوشارەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان، رێكەوتی ٢٥ی رەشەمەی خەڵكی بۆكان بەرەو پیری ساڵی نوێی كوردی چوون و لە چیای تەرەغەی ئەو شارە، رێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد.
بە وتەی شایەتحاڵێك، هێزەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەواوی هەوڵی خۆیان بۆ پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە خستبووە گەڕ، بەڵام نەیانتوانی بەسەر ئیرادەی نەتەوەیی خەڵكی كوردستاندا زاڵ بن.
پێشتریش رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بانگهێشت كردن و هەڕەشە كردن لە گرووپەكانی مۆسیقا و چالاكانی ئەو بوارە، دەیهەویست پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمانە بگرێت.

خەڵکی گوندەکانی حاجی‌ئابادی جەغەتوو و قازانلی، لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا وێکڕا و بە شێوەیەکی یەکگرتوانە جێژنی نەتەوەیی نەورۆزیان پیرۆز کردبوو.