وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی
پاش هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەزبەر ئەم هەڕەشانە بە کردەیی کرانەوە و تورکیە بە تۆپباران و هەروەها بۆمبارانکردن لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانیەوە هێرشی کردە سەر چەند شار و شوێن کە لە سنووری نێوان کوردستانی سووریە و تورکیەدا هەڵکەوتوون.
کشانەوەی ھێزەکانی ئامریکا لە سووریە و هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیە، یەکێکە لە پرسە ئاڵۆزەکانە کە جگە لە کورد بەشێک لە وڵاتانی ئورووپا و ناوچەکەشی تووشی نیگەرانی کردووە کە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێبکەویتەوە.
ئهردۆغان" هۆشداریی هێرشێکی درێژخایهن بۆ سهر هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوا دەدات، بەم بیانوویە کە بوونی ئەم هێزانە ئەمنییەتی تورکیەیان تێکداوە و بەم مەبەستە دەیەوێت ناوچەیەکی ئارام لە سنوورەکانی نیوان تورکیە و سووریەدا پێک بێنێت.
هەروەها تورکیە دەیەوێت ئەو عەرەبانەی کە لە وڵاتی تورکیەدا پەنابەرن، لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستاندا جێگیر بکات و بەم شێوەیە هەم دیمۆگرافیی ڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت و هەم سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سووریە کە لە وڵاتی تورکیەدا پەنابەرن، بگەڕێنێتەوە بۆ سووریە.
لەمبارەوە، "ئاگری ئیسماعیل نژاد"، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بۆ خوێنەرانی کوردستان میدیا دەدوێت:
- ناوچەیەکی خودموختار لە ڕۆژئاوای کوردستان، چەندە ئەمنییەتی تورکیە دەخاتە مەترسییەوە کە ناچارە هێرش بکاتە سەر ئەم ناوچەیە؟
ڕاستە، یەپەگە، باڵێکی پەکەکەیە، بەڵام لە کاتی دامەزرانی هەرێمی ڕۆژئاواوە هەتا ئێستا هیچ هێرشێکی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەکراوەتە سەر هێزی سەربازیی تورکیە، بۆیە ناتوانین بڵێن بە شێوەی دووفاکتۆ هەرێمی ڕۆژئاوا تەناهیی تورکیەی خستۆتە مەترسییەوە. کێشەی سەرەکیی دەوڵەتی لەگەڵ دەسەڵاتداریی کوردییە، لەبیرمان بێت کە تورکیە لە ٩١ و ٢٠٠٣ش، هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە هێز دەباتە نێو خاکی باشووری کوردستانەوە. بە کورتی بۆ لێکدانەوەی باسی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەبێت بگەڕێنەوە سەر جەوهەری پرسی کورد کە پرسێكی نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەردا نییە، بەڵکوو پرسێکی ناوچەی نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
ئێمە لە کاتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان دیتمان هێندەی کە کۆماری ئیسلامی دژی سەربەخۆیی باشوور بوون، دەوڵەتی ئێراق نەبوو و پێش دەوڵەتی ئێراق، کۆماری ئیسلامی گەمارۆی خستە سەر باشووری کوردستان.
- "دانڵد ترامپ" هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تورکیە لە ئاستی هێرشەکانیدا سنوور ببەزێنێت، ئابووریی ئەم وڵاتە وێران دەکات، ئەم هەڕەشانەی ئامریکا چەندە جیددییە؟
بەلای منەوە ئامریکا لە پاش ٢٠٠٦وە سیاسەتێکی ڕوونی بەرانبەر بە پرسە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە. ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەگەڵ چوار پرسی سەرەکی ڕووبەڕووە: "یەکەم تەناهیی ئیسرائیل؛ دووهەم تەناهیی وزە؛ سێهەم تێرۆریزمی ئیسلامی و چوارەم پرسی کورد وەک کێشەیەکی چەند چوكڵەی نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە زیاتری کارتێکەری لەسەر پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە".
ئامریکا لە یەک ساڵ و مانگی ڕابردوو بە دانوستان لەگەڵ تاڵەبان، بە ئەوەی کە بەردەوام "ترامپ" باسی ئەوە دەکات کە ئامریکا چیتر پێویستی بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە و بە پشت خاڵی کردنی ڕۆژئاوا دەری خست زۆر بایەخ بەو سێ پرسە گرینگە نادات و سەرەڕای ئەوەش ئامریکا بەو هەڵوێستانەی ڕوون بۆتەوە کە یەکەم: ئامریکا بەتەواوی دەستی لەوە کشاندۆتەوە کە نەزمی لیبراڵی پاش شەڕی سارد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بپارێزێت و دووهەم: ئامریکای ترامپی نایهەوێت چیتر "سوپێر پاوێر"ی جیهان بێت، ڕەنگە ئامریکا بگەڕێتەوە قۆناغی پێش شەڕی دووهەمی جیهانی و تەنیا وەک دەسەڵاتێک لە وشکارۆی ئامریکا خۆی پێناسە بکات و ئیتر باقیی دنیا بۆ ململانێی ئورووپا، ڕووسیە و چین، بەجێ بێڵێت.
- "ترامپ" بە بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە ڕۆژئاوا چ مەبەستێکی هەیە؟
ئەوەی تورکیە هێرشی کردۆتەوە سەر ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی ئورووپایی، بە خشکە شانیان بۆ شل کردووە کە ئەو هێرشە بکات و ئامریکاش چرا سەوزی ئەو هێرشەی هەڵکردووە. بە لای منەوە دوو مەبەستی سەرەکی هەیە: "یەکەم ئورووپاییەکان بەتەواوی لە بەرانبەر مەترسیی شەپۆلی پەنابەراندا بەچۆکداهاتوون و بۆیەش ئەگەر بڕیار بێت لە نێوان شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەنابەری زیاتر یەکیان هەڵبژێرن، حەتمەن خوازیاری شەڕەکەن، بەو مەرجەی تورکیە شەڕەکە هێندە درێژ نەکاتەوە کە ئەو شەڕە نوێیە پەنابەری زیاتری لێ بێتەوە؛ دووهەم، باسێکی تر کە گرینگە ئەوەیە کە ناکۆکیی ئامریکا و ئورووپا لەسەر دابینکردنی تێچووی ناتۆیە".
ناتۆ وەک هاوپەیمانییەکی ئەمنییەتی لە چاوی ئورووپاییەکان پێگەی ڕابردووی نەماوە، بەڵام لە چاوی ئامریکا بۆ شەڕی دژە تێرۆریزمی ئیسلامی دەتوانێت گرینگ بێت، لە پاش هێرشی ئامریکا بۆ ئێراق دەرکەوتووە کە ناتۆ لە شەڕی دژە تێرۆریزمی ئیسلامیش زۆر لە چوارچێوەی قازانجی ئامریکادا نییە.
ئێستا ئامریکا دەیەوێت ١٢ هزار چەکداری داعش کە لە زیندانی ڕۆژئاوان، وەک کارتێکی ئەمنییەتی دژی ئورووپا بەکار بێنێت، هەتا لەو ڕێگایەوە هەم ئورووپا پێملی ئەوە بکات کە تێچووی ئابووریی ناتۆ بدات و هەمیش ناڕاستەوخۆ بە ئورووپا بڵێت کە دەبێت لە سیاسەتی دژی ئێران زیاتر لە ئامریکا نزیک بێتەوە، چون ئورووپا لە مەترسییە ئەمنییەکانی کە ئێران دەتوانێت تووشی بکات لاوازە و ناتوانێت خۆی لەو مەترسییانە دەرباز بکات، بە کورتی ڕۆژئاوا خەریکە قوربانیی لاوازی و سازشکاریی ئورووپا دەبێت.
لە ڕوویەکی ترەوە ئامریکا ئەگەر وەک قۆناغی دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی بییەوێت سوپێر پاوێرێک بێت، پێویستی بەوەیە ئورووپا وەک بەرەی دێموکراسی و باوەڕمەند بە نەزمی جیهانیی هەنووکە لەگەڵی بمێنێتەوە، ئەگەر ئورووپا بێت و ئەو هاوپەیمانییە نەپارێزێت، ئەوە ئامریکا چیتر ناتوانێت سوپێر پاوێر بێت و خاڵی گرینگیشی ئەوەیە کە ئورووپاش ناتوانێت بێ ئامریکا لەو مەترسییانەی دەوڵەتانی ئیسلامی بۆ سەر ئورووپای ساز دەکەن دەرباز بێت. بەکورتی ئورووپا دەبێت براگەورەی ئامریکا قەبووڵ بکات بۆ ئەوەی لە شەڕی ئیسلامی سیاسی بەدوور بێت و ئامریکاش پێویستی بە ئورووپا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت هێژمۆنی خۆی لە ئاستی قۆناغی ئێستادا بپارێزێت، بەڵام "ترامپ" خوازیاری ئەوەشە ئەو یارییە لە ڕووی ئابوورییەوە بەقازانجی ئامریکا بشکێنێتەوە، بۆیەش کلافێکی هەزار سەر سازبووە، دەنا ئورووپا لەگەڵ براگەورەی ئامریکا زۆری کێشە نییە.
- ئایا كشانهوهی ئامریكا و ناسهقامگیریی زیاتری سووریە، خزمهت به بههێزتربوونی پێگه و چالاكتربوونی ڕۆڵی ڕێژیمی ئیران لهو وڵاتهدا دهكات؟
هەم ئا هەم نا، ئەگەر ئامریکا بکشێتەوە بەدڵنیاییەوە ڕێژیم دوژمنێکی گەورەی مەیدانەکەی بۆ چۆڵ دەکات و ئەوەش دەتوانێت لە کورتخایەندا بەقازانجی بێت. بەڵام لە درێژخایەندا نا بە قازانجی نییە چون کشانەوەی ئامریکا و هێرشی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا بە مانای ئەوەیە تورکیە کارتی زیاتری پێدەبێت بۆ یاریکردن لە خاکی سووریەدا، تورکیە بۆ ئەوەی تێچووی شەڕی کوردی بۆ قورس نەبێت، ئەرتشی ئازاد و بەشێک لەو هێزە سەلەفیانەی کە لایەنگری تورکیان بەکار دێنێت و ئەو وتویەتی کە لە خاکی ڕۆژئاوا نامێنێتەوە، بەڵکوو لایەنگرانی کە ئەرتشی ئازادن لەوێ جێگیر دەکات، وەک چۆن لە عەفرین وای کرد، ئەوەش یانێ ڕێسی ئێران دەبێتەوە خوری. ئێران لە ٧ ساڵی ڕابردوودا تەنیا لەگەڵ ئەرتشی ئازاد بەشەڕ هاتووە و ئەو هێزەی لە مەیدانی سووریە دەرکردووە و چەندین جار شکستی داون و خاکی لێ ساندۆتەوە، دەی ئێستا دیسان بە یارمەتیی تورکیە ئەرتشی ئازاد دەبنەوە خاوەنی خاک کە وایە کشانەوەی ئامریکا و هێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوا تەنیا قوربانیبوونی کوردی لێناکەوێتەوە بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی هەم شەڕی نێوخۆی سووریە درێژخایەنتر بێت و هەمیش ململانێی نێوان نێوعوسمانلی و شێعەی ئێرانی بکەوێتە قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک کە نموونەکەی لە ٢٠١٢ هەتا ٢٠١٥دا هەبوو.
- ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" لەم بارەوە چ کاردانەوەیەکی دەبێت؟
"بەشار ئەسەد" ئیرادەی لە دەستی خۆیدا نەماوە، هەر چەشنە کاردانەوەیەکی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕووسیە و ئێران چۆن بڕیار دەدن. کە من پێم وایە ڕووسیەش هیچ بە قازانجی نییە تورکیە دیسان خاکی سووریەی بەدەستەوە بێت. بۆیەش ئاساییە کە ئەسەد دژی هێرشی تورکیە بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە دەتوانێت پێشی پێ بگرێت یان ئەوەی بییەوێت پێشی پێ بگرێت. نە دەتوانێت و نە خوازیاری ئەوەشە پێشی پێ بگرێت. چون ئێران و ڕووسیە نایانەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا تێوەچن.
- زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەم هێرشانەی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوایان مەحکووم کردووە، ئەمە چ کاریگەرییەکی بۆ سەر تورکیە دەبێت؟
ئەگەر مەحکووم کردنەکەیان هاوکات بێت لەگەڵ زەختی ئابووری، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیە پاش چەند حەتوو پاشەکشە بکات، بەڵام ئەگەر مەحکووم کردنەکەیان تەنیا سیاسی بێت، هیچ کارتێکەرییەکی نابێت.