کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی میلیتاریزە کردنی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە

15:07 - 17 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی گوماناوی و ناڕوون، دۆخی ئاسایی و ئاسایشی شاری سنەیان لە پارێزگای کوردستان تێک داوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند هەفتەیە هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دانانی گەشتی بەردەوامی شەوانە، ئاژیر کێشان و دانانی نیگابان لەسەر شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شاری سنە، بارودۆخی ئەو شارەیان میلیتاریزە کردووە.
بەوتەی هاووڵاتییەکی شاری سنە، هێزەکانی رێژیم، کاتژمێر ٢ی نیوەشەو بە ئاژیر کێشان و دروست کردنی قەرەباڵغیی دەنگی، ئاسایش و ئارامییان لە خەڵکی ئەو شارە هەڵگرتووە.
نیگابانیی هێزەکانی رێژیم لە شەقام و مەیدانەکانی شاری سنەدا بە شێوەی بەردەوام و بە دانانی پۆستی نیگابانی ئەنجام دەدرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە شاری مەریوانیش هاتووچۆی هاووڵاتییانیان خستبووە ژێر چاودێری و بە دانانی خاڵی پشکنین لە تێکڕای دەروازەکانی شاردا، ماشینی هاووڵاتییانیان پشکنیبوو.