کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد: سووریە دەستەوەستانی گوشارەکان نابێت

13:39 - 24 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەشار ئەسەد وتوویەتی، سووریە سەرەڕای زەخت و گوشارەکان و پیلانی جۆراوجۆر، دەستبەرداری باوەڕ و بنەماکانی خۆی نابێت.


بەشار ئەسەد لە چاوپێکەوتن لەگەڵ شاندێکی ئوردونی وتیشی: سووریە دڵی جیهانی عەرەبە و هەر واش دەمێنێتەوە و ئێمە سەرەڕای زەخت و گوشارەکان دەستبەرداری ئارمان و بنەما فیکرییەکانمان نابین.
ناوبراو وتیشی پیلان‌گەلێکی جۆراوجۆر سووریە و جیهانی عەرەبی گرتووەتەوە.
ئەم لێدوانانەی بەشار ئەسەد لە کاتێک دایە کە مەعاز خەتیب رایگەیاندووە: کە هیچ وەڵامیکی ئەوتۆی لە دەوڵەتی رێژیمی سووریە لەمەڕ دانووسان لەگەڵ ئوپۆزسیۆن وەرنەگرتووەتەوە.
رێبەری ئوپۆزسیۆنی سوریە پێشتریش رایگەیاندبوو کە ئامادەیە لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە دانووستان بکات.
ئەمە لە حاڵیک دایە کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ رێبەندان هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد لە دیمەشق بە تانکەوە هێرشیان کردە سەر دژبەران.
لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە شوێنیک بەناوی جیبار شەڕ و تێکهەڵچوونی له نێوان رێژیمی ئەسەد و دژبەران بەردەوامە.
رۆژی دووشەممەش رۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە، رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بە دروست کردنی هێزێکی میلیشیایی لەمەڕ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بۆ پاش رووخانی رێژیمی بەشار ئەسەد پێک هێناوە و هەنووکەش پشتیوانی و پاڵپشتی لە بەرژەوەندییەکانی بەشار ئەسەد دەکات.
هەنووکە گرووپ‌گەلێکی هاوچەشن کە ژمارەیان زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس مەزندە دەکرێ بە پشتیوانیی رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا پاڵپشتی لە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن.
سووریە تاقە هاوپەیمانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و تەنانەت جیهانیش دایە و بە رووخانی ئەم رێژیمە و تەریک کەوتنەوەی زیاتری رێژیمی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە و پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەو رێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.