کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک سەبارەت بە ٨ی مارس لە شاری ڤێستروسی سوێد

13:30 - 23 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ ڤێسترۆسی سوێد، سمینارێکی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی سوێد بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوێد لەلایەن کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی سوێد و بە هاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات لە شاری ڤێسترۆس، سمینارێک بەڕێوەچوو.
سەرەتا بەرپرسی تەشکیلاتی یەکیەتیی ژنان بڕگە و بابەتەکانی سمینارەکەی بە بەشداران ناساند.
پاشان لەلایەن ئامانج عەبدی وەک بەڕێوەبەری سمینارەکە بەخێرهاتنی بەشداران کرا و دواتر مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا عەبدی سەبارەت بە ژیانی کوردەکان لە وڵاتی سوێد و کێشە و گرفتەکانی ژنان و رێگاچارەکانیان دوا و ئاماژەی بە سەرجەم لایەنەکانی بەربەست لە بەردەم بەرەو پێش چوونی کاری رێکخراوەیی ژنان و هەروەها ژن وەک تاکێکی کۆمەڵگا و قامکی خستە سەر لایەنە نەرێنیەکانی ئەو کولتوور و فەرهەنگەی کە تاوەکوو ئیستاش زاڵە بە سەر بنەماڵەی کورد و پەنابەرەکانی ئەم وڵاتەدا.
پاشان لەلایەن سەکینە جەوانمەرد یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتیی ژنان و ئەندامێکی چالاک و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان وتەیەک سەبارەت بە ژن لە ئایینی ئیسلامدا پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا ئاوارە جەلالی بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد، چەند وتەیەکی سەبارەت به سیاسەت و بڕیارەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر پرسی ژن بە شێوەیەکی گشتی روون کردەوە.
جەلالی وتی: حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هەر وەک مێژوو شاهیدی دەدات یەکێک لەو حێزبە سەرەکییانە بووە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پشتیوانی مەسەلەی ژن بووە و لە هیچ هەوڵێک بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانی ژنان دریغی نەکردووە.