کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی زگماكی

13:20 - 1 رەشەمه 2712

كوردستان میدیا: لەبەیاننامەی یەكیەتی پیشەیی مامۆستایاندا هاتووە، زمانی دایكی ئەو بەشە لە ناسنامەی هەر تاكێكە كە خەون و خولیاكانی لەسەر ئەم زمانە چرۆ دەكا و دەبێت بە ئامانجە مەزنەكانی دوا رۆژی.

نوسخەیەك لەبەیاننامەی یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی زگماكی، بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە:

هاونیشتمانانی خۆشەویست

مامۆستایانی بە ئەمەگی كوردستان

زمانی هەر نەتەوەیەك گرینگ‌ترین بەشی كەلتوور و ناسنامەی تاكەكانی ئەو نەتەوەیە. زمان ئەو بەشە گرینگە لە شووناسی نەتەوەكانە كە بەردی بناغەی پێوەندی سەرەتایی هەر مرۆڤێك لەگەڵ دنیای دەورووبەری دادەڕێژێت. لەو نێوەدا زمانی دایكی گرینگێكی چەند قاتی هەیە. زمانی دایكی ئەو زمانەیە كە تاك پاش لەدایك بوونی لە رێگای ئەوەوە لەگەڵ دونیا دا پێوەندی دەگرێت، هەست و سۆز و خۆشەویستی پێ دەردەبڕێت، هزر و بۆچوونەكانی دادەڕێژێت، زمانی دایكی ئەو بەشە لە ناسنامەی هەر تاكێكە كە خەون و خولیاكانی لەسەر ئەم زمانە چرۆ دەكا و ئەبێت بە ئامانجە مەزنەكانی دوارۆژی. هەر ئەم گرینگیە بۆتە هۆی ئەوەی كە رێكخراوەی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 21ی فوریەی هەر ساڵ وەك رۆژی جیهانی زمانی دایكی دیاری بكات و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتۆكانیش بۆ بەها دان بەم تەوەرە گرینگە ساڵی 2008ی زایینی وەك ساڵی زمانەكان ناو بنێت.

باس كردن لە زمانی دایكی بۆ ئێمەی كورد كە لەژێر دەسەڵاتی رێژیمێكی تۆتالیتێر و بەرچاو تەنگ‌دا دەژین تەنیا باس لە چەمكێكی كەلتووری نییە بەڵكوو باس كردن لە پیلانێكی تۆكمەی دەسەڵاتەكانی پەهلەوی و كۆماری ئیسلامییە كە نیزیك بە یەك سەدەیە بۆ ئاسیمیلە كردن و تواندنەوەی زمانی كوردی و گشت زمانی نەتەوە بندەستەكانی ئێران جیا لە زمانی فارسی لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت. زمانی زگماكی گەلانی ناو جوگرافیای ئێران و یەك لەوان زمانی كوردی بە هۆی سیاسەتی پاوانخوازانەی دەسەڵاتداران نەتەنیا هیچ بڕەوێكیان پێ نادرێت بەڵكوو هەموو چەشنە سیاسەتێك بۆ تواندنەوە و نەهێشتنیان پەیڕەو دەكرێت.

سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەرحەق زمانی دایكی گەلەكەمان كوردی تا ئەو جێگایە پەرەی ئەستاندوە كە تەنانەت لە ئاست قسە كردن بەزمانی كوردیش لە زانكۆ و قوتابخانەكان‌دا ناڕەزایەتی دەنوێنن و بەخشنامەی هەڕەشە و چاوترسێن كردن دەردەكەن.ئەوە لەحالێك دایە كە بە پێی هەموو جاڕنامە نێونەتەوەییەكان كەڵك وەرگرتن لە زمانی دایكی یەكێك لە مافە سەرەتاییەكانی هەر مرۆڤێكە. ئێمە وەك یەكیەتی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی گەرم بە بۆنەی 3ی رەشەممە رۆژی جیهانی زمانی زگماكی لە هەموو خەڵكی كوردستان و خەمخۆرانی زمانی كوردی، لە هەمانكاتدا بێزاری و ناڕەزایەتی خۆمان لەبەرامبەر هەموو ئەو پیلانانەی كە دژ بە زمانی نەتەوەكانی ئێران و بەتایبەت زمانی كوردی پەیڕەو دەكرێت، دەردەبڕین و هیوادارین كە بە زوویی تیشكی زێڕینی ئازادی هەوری ڕەش و تاریك لە سەر ئاسمانی وڵاتەكەمان بتارێنێت و چیتر مناڵە چاوگەشەكانمان بێبەش لە خوێندن و نووسین و بیركردنەوە و دەربڕینی خۆشەویست بە زمانی شیرینی كوردی نەبن.
یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران
رەشەممەی 2712ی كوردی