کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پشتیوانیی ئێران،هێزی بەسیج لە سووریە پێک دەهێنرێت

19:21 - 26 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتیوانی لە هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد، فەرماندەی قەرارگای عەمار هەواڵی پێکهێنانی بەسیجی ٦٠ هەزار کەسیی لە سووریە بڵاو کردەوە.


مێهدی تایب ئاخووندی بناژۆخوازی ئێرانی و بەرپرسی پێشووی قەراگای عەمار وتی: بە هاریکاریی ئێران بەسیجی ٦٠ هەزار کەسی بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ دژبەرانی رێژیمی سووریە لەو وڵاتەدا پێک دەهێنرێت.
قەرارگای عەمار ناوەندێکە کە بەبۆنەی ٣٣مین ساڵـڕۆژی شۆڕشی ٥٧ لەلایەن ٧٠ کەس لە لێپرسراوانی دامەزاروە فەرهەنگییەکان، لە تاران و سەرانسەری ئێران دامەزرا.
ئەلعەرەبییە نێت بڵاوی کردەوە، مێهدی تایب لە کۆڕی بەرپرسانی بەسیجی خوێندکاریدا گوتوویەتی: سووریە ئەرتشی هەیە، بەڵام توانایی بەرەنگار بوونەوە و ئیدارە کردنی شارەکانی ئەو وڵاتەی نەماوە هەر بۆیە لەسەر پێشنیاری ئێران بەسیج پێک دەهێنرێت.
پێشتریش واشینگتۆن پۆست لە زاری لێپرسراوێکی دەوڵەتی ئەمریکا بڵاوی کردبووەوە، ئێران هەنووکە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس هێزی میلیشیایی لە وڵاتی سووریەدا هەیە.
ژمارەیەک لە هەوڵدەرییەکانی جیهانیش پێشتر لەو پێوەندییەدا رایانگەیاندبوو، کە بەشار ئەسەد لەسەر بڕیارێکی خۆی لەمەر پێکهێنانی هێزەی چەکداری عەلەوی مەزهەب کە لەژێر چاودێریی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەروەردە بکرێن، پێداگریی کردووە.