کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵان کردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی گوندێکی هەورامان

14:05 - 15 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاری مێژوویی و دێرینی ئەنجن دانە لە گوندێ ئەسپەرێزی ناوچەی هەورامان، کەوتە بەر هێرشی تاڵانکەران و لە ئاکامیشدا نارەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە هێز و دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندی ئەسپەرێزی ناوچەی هەورامانی تەخت لە پارێزگای کوردستان، دەستیان داوەتە کۆکردنەوە و بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی ئەو ناوچەیە.
تیمی بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی گوندی ئەسپەرێز بە هاوکاریی تیمێکی تایبەتی کرماشانی و بە سەرپەرستیی دەست و پێوەندییەکی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ناوی لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە، ئەنجام دەدرێت.
هاووڵاتییەکی گوندی ئەسپەرێز بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەم کردەوەیەی دەست و پیوەندییەکانی رێژیم بە شێوەی چەکدارانە و بە شەو و رۆژ ئەنجام دەدرێت و ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان بە تاڵان دەبەن.
ئەم هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، راشیگەیاند: پێشتریش لەم چەشنە کردەوانە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا ئەنجام دراوە، بەڵام ئەمجارەیان بە هاوکاریی ئیتلاعاتی سپا ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان تاڵان کراون.
ئەم هاووڵاتییە وتیشی: بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکان کوردستان لە درێژەی سیاسەتی ستراتیژیی کاول کردنی کوردستان لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، چەندین ساڵە پەیڕەو دەکرێت و لەدرێژەی پیس کردن و سووتاندنی ژینگە، پەرەپێدانی ماددە هۆشبەرەکان و گیرۆدە کردنی خەڵک بەو ماددەیە و دەیان ستراتیژیی شاراوە و ئاشکرا ئەنجام دەدرێت.
تاڵان و کاول کردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی گوندی ئەسپەرێز لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئەو گوندە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەو کارەی دەست و پێوەندییەکانی رێژیم دەربڕیوە و لەلایەن ژمارەیەک هاووڵاتییەەوە هەڵوێستی توند گیراوە.
ئەنجن دانە ناوی ئەو شارە مێژوویی‌یەیە کەلە گوندی ئەسپەرێزی ناوچەی هەورامانی تەخت، هەڵکەوتووە و کراوەتە ئامانجی کەسانی هەلپەرست.
پێشتریش ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی مەریوان کەوتبووە بەر هێرشی تاڵانکەران
پێشتریش بە بیانووی نۆژەن کردنەوەی مزگەوتی لەیلاخییەکان لە گەڕەکی چوارباخی شاری مەریوان هەوڵی بە تاڵان بردنی ژمارەیەک ئاسەوارەی تازە دۆزراوە درابوو.
ژمارەیەک کەسی هەلپەرست بە بیانووی قووڵ‌تر کردنی مزگەوتی لەیلاخییەکان، ویستوویانە ئەو ئاسەوارە کۆن و دێرینانە کە لەم دواییانەدا دۆزراونەتەوە، بە تاڵان بەرن.
قەڵای مێژوویی شاری مەریوانیش لەم هێرشە فەرهەنگییانە بێ‌بەری نەبووە و بە وتەی هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە، سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی هەڵکەندنی زاغەی تەقەمەنی هەوڵی لەناو بردنی ئەو قەڵا مێژوویی‌یەی داوە.
پێشتر لەوەش پردی مێژوویی گاڕان بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی میرات فەرهەنگیی شاری مەریوان رووخا.