کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی رێبەندان لە کوردستان بە چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزب بەرز راگیرا

18:20 - 28 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: لە شارەکانی سنە، روانسەر، مەریوان، پیرانشار و نەغەدە، بەبۆنەی ٦٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو.

سنە

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری سنە و دەوروبەری چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییانە لە حاڵێکدا بەڕێوەچوون کە هێزەکانی رێژیم لە نێو شاری سنە لە حاڵی \'\'ئامادەباشی\'\'دا بوون و زۆربەی شەقام و شوێنە گشتییەکان چاودێرییان لەسەر بووە.
ئەو شوێنانەی شاری سنە کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا ئەنجام دراوە، بریتین لە:
ترمیناڵی سنە ــ مەریوان بۆ فەیزئاوا، نەنەڵە، نەنەڵ بۆ باوەرێز، نێو گوندی باوەرێز، پردی شێخ، رێگای نێوان باوەرێز بۆ نایسەر، رێگای هانیسی بۆ خەیارە، سەر رێگای کۆرکۆرە، جاددەی کانی مشکان ــ حەسەن ئاوا، سەرنجیانەی خواروو، سەرنجیانە سەروو، جاددەی کرماشان ــ کامیاران، دیوارەکانی فڕۆکەخانەی سنه، کەمەربەندیی بەهەشتی محەممەدی، جاددەی دووشان بۆ پادگانی بەیتولموقەدەس، جاددەی سەڵوات ئاوا و عەبباس ئاوای خواروو.
لەو چالاکییانەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەدا ئەم دروشمانە بڵاو کراونەتەوە: سڵاو لە کۆماری کوردستان، سڵاو لە پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان، سڵاو لە دێموکرات.
روانسەر

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٦٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری روانسەر سەربە پارێزگای کرماشان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.
لە سەراوی روانسەر بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی پووستێری تایبەت بەو بۆنەیە، جێژنی دووی رێبەندانیان بەرز راگرت.
هەروەها لە کۆڵانەکانی دەوروبەری سەراو، شەقامەکانی بەهار، زەمین شاری، فەرهەنگیان، گڵە چەرموو، هەواشناسی، شارەکی وەیسی قەرەنی، بلوار و یانە وەرزشییەکانی فووتباڵ و فووتساڵ، ئەو رۆژە مێژویی‌یە لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە بەڕێوەبردنی چالاکی تەبلیغی بەرز راگیرا.
مەریوان

وێڕای هەبوونی کەش و دۆخی ئەمنیەتی و \'\'ئامادەباشی\'\'ی هێزەکانی رێژیمی لە شاری مەریوان، جێژنی ٢ی رێبەندان ــ ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، چالاکیی تەبلیغی بە بڵاوکردنەوەی پووستێر و تراکتی تایبەت بەو رۆژە لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەو شارە بەڕێوەچوو.
گەڕەکانی دارسێرانی ١ و ٢ و سەرتەپەی مووسک ناوی ئەو شوێنانەیە کەلە شاری مەریوان چالاکییان تێدا ئەنجام دراوە.
پیرانشار

جێژنی ٦٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری پیرانشار و دەوروبەری بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر بەرز راگیرا.
شەقامەکانی زەرگەتەن، کاسەکەران، کۆنەخانێ، فەلکەی محەممەد هەوراز، پارکی سەحەر، کەمەربەندی، شەهرەکی بەناوی بەسیج و دیژبانیی پادگانی پیرانشار، ناوی ئەو شوێنانەیە کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام داوە.
هەروەها لە گوندەکانی سۆفیان، جەڵدیان، لگبن، کانی باخ، کانی مەلا، گەرگوول، کەلەکێن، بندرێ، دربکە، کارخانەی قەند، شنۆ زەنگ، کێلێ، بەلەبان، ئەندێزێ، گرد کسییان، گردکشانە سەرۆکانی، پەسوێ، خورینج و سەرینچاوێ چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاو ئەنجام دراوە.
نەغەدە

لە شاری \'\'نەغەدە\'\' و ئاوایی‌یەکانی دەوروبەری هەر وەکوو شارەکانی دیکەی کوردستان بەبۆنەی جێژنی ٢ی رێبەندان لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە بڵاوکردنەوەی پووستێر و تراکت، چالاکیی بەرینی تەبلیغاتی بەڕێوەچوو.
هەروەها لە گوندەکانی \'\'قاڕنێ، بایزئاوێ، گەڵوان و شاوەلە\'\' ئەو جێژنە نەتەوەیی‌یە بەرز راگیرا.