کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تارانیش ڕەوایی بە ڕێژیم نەدا

11:22 - 11 پووشپەڕ 2724

عەباس جەوهەری بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای تاران ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی خولی چواردەیەمی سەرۆکۆماری تەنیا ٣٣ لەسەد بووە و ٦٧ لەسەدی خەڵکی پارێزگاکە دەنگیان نەداوە.

جەوهەری زیادی کردووە کە ٩٦ لەسەدی دەنگەکان دروست بوونە و ٤ لەسەدیشی دەنگی پووچەڵن.

بەم پێیە دوو لە سەر سێی خەڵکی گرینگترین پارێزگای ئێران بۆ ڕێژیم لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان نەداوە و بە شێوازێکی مەدەنی "نا"یان بە کۆماری ئیسلامی وتووە.

خەڵکی پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران و بەتایبەتی تاران لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، بەشدارییەکی کەمتریان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگا پەراوێزخراوەکان و ئەو ناوچانەی کە نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی تێدا دەژین بووە، بەڵام لە ئێستادا بەپێی ئەم ئامارانە کە خودی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردووەتەوە دەردەکەوێت خەڵکی ئەم پارێزگا ناوەندییانە و بەتایبەتی پارێزگای تاران، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئێران پشتیان لە کۆماری ئیسلامی کردووە.

ئەم ئامارانە لەحاڵێکدایە کە بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو، لە کۆماری ئیسلامیدا بە هۆی ڕێگەنەدان بە لایەنە سەربەخۆکان هیچ کات ئامارێکی دروست و متمانەپێکراو بڵاو ناکرێتەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، زیاتر لە ٦٦ لەسەدی خەڵکی تاران دەنگیان دابوو کە ئەم ڕێژەیە لە ماوەی کەمتر لە ٨ ساڵدا و بە تێپەڕکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ و ١٤٠١ بۆ ٣٣ لەسەد دابەزیوە.