کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان چالاکی مەدەنی و سیاسی خوازیاری بایکۆتی خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکان بوون

11:31 - 11 پووشپەڕ 2724

دەیان چالاکی مەدەنی و سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران دەڵێن خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران کە هەینیی داهاتوو ١٥ی پووشپەڕ بەڕێوە دەچێت، بایکۆت دەکەن و داوایان لە خەڵکیش کردووە بەشداری ئەو شانۆیەدا نەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ، ٥٥ چالاکی مەدەنی و سیاسی کە بەشێکیان لە زینداندان، وتوویانە کە ڕێژیمی ئێران "هیچ پەیوەندییەکی بە دێموکراسییەوە نییە" و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند دوای کوشتار و سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ٩٦، ٩٨ و ١٤٠١ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان دەنگدانی خەڵک بە بەبژێرە بێدەسەڵات و دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم، تەنزێکی تاڵ و ڕەشە.

واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە لە درێژەدا ڕایانگەیاند کە "گرێ کوێرەکانی ژیانی ئێران" تەنیا بە ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامی دەکرێتەوە و نووسیویانە: ''بەشدارینەکردن و پشتکردن لە سێناریۆ ساختەکارییەکانی ڕێژیم خەڵک لە پێگەی هێزێکی حیسابکراو و پۆتانسێلێکی ناڕەزایەتی بەهێزدا جێگیر دەکات''.

ئەو تێکۆشەرانە هەروەها داوایان لە خەڵکی ئازارچەشتوو و هۆشیاری ئێران کرد کە بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بەستێنی داڕمان و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە دابین بکەن.