کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: هەڵبژاردن لە ئێران ئازاد و دادپەروەرانە نییە

11:15 - 11 پووشپەڕ 2724

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە درێژکردنەوەی ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران بۆ خولی دووهەم باسی لەوە کردووە کە ئەم هەڵبژاردنانە "ئازاد و دادپەروەرانە" نین و گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەدوادا نایەت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە یەکەم کاردانەوەی خۆیدا بەرامبەر بە هەڵبژاردنی ڕۆژی هەینی کە تێیدا مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی گەیشتنە خولی دووەم، ڕاگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لە ئێران "ئازاد و دادپەروەرانە" نین.

ئەم وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ''بەداخەوە، ئێمە چاوەڕوانیمان نییە کە ئەم هەڵبژاردنە بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئێران دروست بکات یان ڕێزگرتنی زیاتری کۆماری ئیسلامی لە مافە مرۆییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێ بکەوێتەوە."

هەروەها پێش هەڵبژاردنەکان، ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، ئاماژەی بە دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەونان لە ڕووماڵکردنیدا کرد و لە کاناڵی ئیکس نووسیبووی کە ئەمریکا هیچ چاوەڕوانییەکی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە یان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێراندا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا ٢٤ میلیۆن و ٥٣٥ هەزار دەنگ دراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، لە بەشداریکردن خۆیان بواردبوو.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم، مەسعوود پزیشکیان بە زیاتر لە ١٠ میلیۆن دەنگ و سەعید جەلیلی بە زیاتر لە ٩ میلیۆن دەنگ گەیشتنە خولی دووهەم.