کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە شاری ئێسکیلستۆنای وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو

15:43 - 3 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوێد یادی ٢٥ی گەلاوێژ ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز و پیرۆز راگیرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوێد بە هاوکاری یەکیەتیی لاوانی ئەو شارە و ناوەندی یەکیەتیی کوردانی، رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی تایبەتیی بەبۆنەی ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ئەندامان و دۆست و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و کوردەکانی دانیشتووی شارەکانی ئێسکلیستونا، ستۆکهۆڵم، ڤێسترۆس، سترێنگیس و ئۆرەبرۆ، بەڕێوە برد.

رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' لەلایەن کیژ و کوڕانی لاوانەوە و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگەی ئازادی و رزگاریی کوردستان و کورد دەستی پێکرد.

دواتر \'\'حەبیب بەهرامی\'\' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئیلکیلستۆنای، پەیامی کۆمیتەی حیزبی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

پاشان پەیامێکی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی کوردان، لاوان و ژنان، بەبۆنەی ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'ئامانج عەبدی\'\'یەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی حیزبی شیوعیی کوردستانی عێراق و چەندین برووسکەی پیرۆزبایی بەو بۆنەیەوە خوێندرانەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا ئەم حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە سیاسییانە بەشدار بوون.
ــ نوێنەری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان کە لە ٢٧ حیزب و رێکخراوی سیاسی کورد و کوردستانی پێک هاتووە
ــ پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق
ــ حیزبی شیوعیی کوردستانی عێراق
ــ کۆمەڵەی کوردی شاری ئێسکیلستونا
ــ عەزیز ئالیس کەسایەتیی سیاسی و پاڵێوراوی سوسیال دێموکراتەکانی سوێد لە پارێزگای سوێدەرمانلاند بۆ پارلمانی ئەو وڵاتە و دۆستی نزیکی حیزبی دێموکرات
ــ بەڕێوەبەری ماڵپەڕی خاکەلێوە

رێوڕەسمەکە بە شایی و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پی هات.