کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خومەینی لەماوەی دەسەڵاتداریەتیدا، ٢٠ هەزار دژبەری خۆی لە ناو بردووە

16:40 - 9 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: خومەینی، رێبەری پێشووی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتداریی خۆیدا، ٢٠ هەزار دژبەری خۆی کوشتووە.
دادگایەکی تایبەت لە وڵاتی هولەند کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش شۆڕشی ٥٧ دەکات، ئەم تاوانانەی خومەینی ئاشکرا کردووە.
ئەم دادگایە بە مەبەستی خولقاندنی بەستێن لەمەڕ دەسپێکردنی دادگا فەرمییەکانی دیکە بەڕێوەچووە و بە بڵاو کردنەوەی ئەم راپۆرتە رایگەیاندووە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دەیەی ٨٠ی زایینیدا ٢٠ هەزار دژبەری سیاسیی خۆی کوشتووە.
ئەم دادگایە بە ئامادە بوونی فەرمانبەرانی دیوانی نێودەوڵەتی، کارناسانی یاسایی، کەسانی ئاکادێمی و رزگار بوانی ئیعدامەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی لە زیندانەکانی ئێران، بەڕێوەچوو.
ئەم دادگایە سەمبۆلیک بووە و بەهۆی نەبوونی هەلومەرج لەمەڕ بەڕێوەبردنی دادگای فەرمی، مافزانان و چالاکانی مافی مرۆڤ روویان لە پێکهێنانی ئەم چەشنە دادگایانە کردووە.
لە راپۆرتی ئەم دادگا هولەندییەدا، وردەکارییەکانی قەتڵ و ئەشکەنجەی زیندانیان کەلە هەندێ حاڵەتدا بووەتە هۆی خۆکوژی، تیشکی خراوەتە سەر.
لە بەشێکی ئەم راپۆرتەشدا تاوانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەدژی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، وەکوو کورد و عەرەب ئاماژەی پێ دراوە.