کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی کارخانەکان و بێ‌کاریی کرێکاران لە ئێران بەردەوامە

16:04 - 15 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بەهۆی داخرانی کارخانەی یەخچاڵ‌سازیی ئێران پوویا، ٩٠ کرێکاری گرێبەستی دەرکران.
هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری نوێنەری کرێکارانی کارخانەی ئێران پوویاوە بڵاوی کردەوە، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان نامەی داخرانی ئەم کارخانەیە بە بەڕێوەبەرانی راگەیەنرا.
ئەم کرێکارە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە چارەنووسی کارێکارانی کارخانەی ئێران پوویا ئەوەشی خستووەتە روو، لە چەند حەوتووی رابروودا پێشگیری لە هاتوچۆی ٩٠ کرێکار بۆسەر کارەکانیان کراوە کەلە ئاکامیشدا لەسەر کارەکانیان دەرکران.
نوێنەری کرێکارانی کارخانەی ئێران پوویا وتیشی: بی‌کاریی ئەم ٩٠ کرێکارە گرێبەستییە لە کاتێک دایە کە هەرکام لەوانە ٨ هەتا ١٨ ساڵ پێشینەی کارییان هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی کرێکارانی کارخانەی ئێران پوویا، لە سەروبەندی خانەنشین بوون دان و ئەمنیەتیی کارەکەیان کەوتووەتە مەترسییەوە.
پێشتریش کارخانەی پوویان غەربی کرماشان بە هۆی کەمیی بوودجە ٣٥٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکردبوو و ١٥٠ کرێکاری ئەو کارخانەیەش ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە هیچ حەقدەستێکیان وەرنەگرتووە.
دوا کەوتنی مووچەی کرێکاران، مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، دەرکرانی کرێکارە گرێبەستییەکان و نەبوونی ئەمنیەتی کاریی کرێکاران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەربڵاو روو دەدات و رۆژ لەدوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە.
سزا ئابووری و بازرگانییەکانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا لەدژی بەرنامەی ناوکیی ئێران، کێشەی لە دابین کردنی مادەی سەرەتایی کارخانەکان لەم وڵاتەدا دروست کردووە و لە ئەنجامدا داخران و بێ‌کاریی کرێکارانیشی لێ دەکەوێتەوە.