کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی ئازادی لاوان لە شاری سلێمانی دیداریان کرد

15:00 - 20 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادی لاوان دیداریان کرد و لەسەر پرسەکانی لاوان گفتوگۆیان کرد.

شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی‏دا، به سەرپەرستی جەلال ڕەوانگەرد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لاوانی دێموکرات سەردانی بنکەی سکرتاریەتی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستانیان کرد و له لایەن شاندێکی باڵای ئەو ڕێکخراوه به سەرپەرستیی هێمن عەمید سکرتیری ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان، پێشوازییان لێ‏کرا.

لەو دیدارەدا کۆمەڵێک باس و تەوەر سەبارەت به چەند پرسێکی تایبەت به لاوی کورد و ڕێکخراوەکانی تایبەت به لاوانی کوردستان، لەوانه کۆنفڕانسی لاوانی چوارپارچەی کوردستان و ڕەوتی سێ کۆنفڕانسی پێشووی ئەو کۆنگرەیه و دەسکەوت و کەموکوڕیی و کۆسپەکانی بەردەم ئەو کۆنفڕانسانه و دواتر کۆنفڕانسی چوارەم و بارودۆخی ئێستا بۆ بەستنی و، کۆسپەکانی سەر ڕێگای و، هۆکاری دواکەوتنی ئەو کۆنفڕانسه و، له ئاکامیشدا کۆنگرەکه، کەوتنە بەرباس.

بڕگەیەکی دیکەی باسی کۆبوونەوەکە، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەهەمبەر هاودەنگیی و یەکگوتار بوونی ڕێکخراوە کوردەکانی ئەندام لە ئینترناسیۆناڵ سوسیالیستی لاوان بوو، کە تاکە دوو ڕێکخراو لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵات تێیدا بەشدارن و پرسی کۆنگرەی داهاتووی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە، تاوتوێ کران.

له نێوئاخنی ئەم چاوپێکەوتنەدا، باس له نزیکیی دوو ڕێکخراوەکه و پێوەندی و هاوکاریی ڕێکخراوەیی له نێوانیاندا کرا، هەروەها جەختیشیان له سەر درێژەدان و بەردەوامی بەخشین بەو ڕەوته کردەوه.

له کۆتاییشدا پرۆژەی بەڕێوەبردنی سمینارێک له شاری سلێمانی به بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٠هەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، له لایەن هەر دوو ڕێکخراوی کوردستانییەوە به شێوەی هاوبەش،پەسند کرا.