کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتی بە هۆی رووداوی هاتووچۆ کوژران و برینداربوون

20:55 - 27 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بە هۆی رووداوی هاتووچۆ لە شاری مەهاباد هاووڵاتییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
لەو رووداوەدا \'\'مەعسوومە عەزیزی\'\' تەمەن ٢٠ ساڵ و کچی نادر، خەڵکی ئاوایی \'\'کۆرگی\'\' سەربە شاری مەهاباد پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و منداڵێکی ساواش بریندار بوو.
هەر لەو پێوەندیەدا لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆ، بەهۆی پێکدادانی دوو ماشینی پراید و پەیکان، لەسەر رێگای سەقز – بۆکان، ٧ هاووڵاتی بوونە قوربانی.
لەو رووداوەدا، ٢ هاووڵاتیی کوژران و ٥ی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
پێگەی ئێران لە بواری رێژەی مەرگی هاووڵاتییان بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لەنێو وڵاتانی جیهاندا نالەبارە و لە ١٧٨ وڵاتی جیهاندا، پلەی ١٦٨ی هەیە.
بەپێی ئامارەکان، ئێران لە بواری زۆریی رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ، لەنێو ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان دایە.
ناستانداردیی و نائەمنیی جادەکان، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و ناستانداردیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی رووداوی هاتوچۆ لە ئێران دێنە ئەژمار و بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە رێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە.
لەو پێوەندیەدا، پێشتریش هەواڵدەریی \'\'ئیلنا\'\' لە زاری بەرپرسی فریاکەوتنی ئێران، سەربە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە، ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە ئێراندا گیانیان لەدەست دەدەن.