کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی نوێنەران و سیناتۆرەکانی مەجلیسەکانی ئورووپا سەبارەت بە دۆخی ژنانی بەهایی لە ئێران

11:57 - 13 پووشپەڕ 2724

زیاتر لە ٥٠ کەس لە نوێنەر و سیناتۆری مەجلیسەکانی سەرانسەری ئورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە دەربڕینی بەداخبوونی خۆیان لە زیادبوونی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ژنانی بەهایی چ وەک ژن و چ وەک بەهایی، داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە ئازار و گوشارەکان ڕابگرێت و بەخێرایی هەموو زیندانییە بەهاییەکان ئازاد بکەن و بە تەواوی ڕێز لە مافە مرۆییەکانیان بگرن.

لەم بەیاننامەیەدا داوا لە ئێران کراوە بەبێ هیچ هەڵاواردن و دەمارگرژییەک سەبارەت بە بەهاییەکان ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک ''مافی ئازادی، مافی کار، ئازادی دەبڕین، ئازادی خاوەنداریەتی و مافی خوێندن و مافی ناشتن'' بگرێت.

واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە، زیادبوونی گوشار و ئازارەکان بۆسەر بەهاییەکان و بەتایبەت ژنانی بەهاییان  بەتەواوی قبوڵنەکراو ناو برد کە ڕەوتێکی نیگەرانکەری دوژمنایەتی دژ بە کۆمەڵگایەک نیشان دەدات کە لە ساڵی ١٣٥٧ەوە ڕووبەڕووی گوشاری سیستماتیک بوونەتەوە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، دوو لەسەر سێی زیندانییانی بەهایی لە ئێستادا ژنن، جگە لەوەش لە کۆی ٩٣ بەهایی کە لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەوە بانگی دادگا کراون، ٧٢ کەسیان ژنن.