کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنۆ، دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

12:00 - 13 پووشپەڕ 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس کارساز"، "محەممەد ڕەسوڵپوور" و "کەماڵ عوقابی" خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ پووشپەڕ، هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئیدریس کارساز لە شاری شنۆ و دەسبەسەریان کرد.

هێزەکانی ڕێژیم هاوکات محەممەد ڕەسوڵپوور کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا''ی سەر بە شاری شنۆ و کەماڵ عوقابی کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "باڵاگیری"ی سەر بە شاری شنۆیان دەسبەسەر کردووە .

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

شایەنی باسە تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.