کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر شاری سنەدا بەردەوامە

15:37 - 19 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ماوەی چەند هەفتەیە هێزەکانی رێژیم بەشێوەیەکی چڕ، دۆخی ئەمنیەتیی شاری سنەیان تێک داوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەشەمە، لە درێژەی بە ئەمنیەتی کردنی شاری سنەدا هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تێكڕای کۆڵان و شەقام و مەیدانەکانی ئەو شارەیان بە شێوەیەکی توندوتۆڵ تەنیوە و چۆکەلەترین جموجۆڵی خەڵکیان خستووەتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.
هاووڵاتییەکی شاری سنە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: میلیتاریزە کردنی شاری سنە سەیرانگاکانی شاری سنەی وەکوو ئەمیریە و پارکی منداڵانی گرتووەتەوە و چەکدارێکی لە رادەبەدەر زۆری هیزی ئینتزامی لەو شوێنانەدا دەسووڕێنەوە.
ئەم هاووڵاتییە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ وتیشی: هێزەکانی رێژیمی بە شێوەی بەکۆمەڵ و شەوانە لە نێو کۆڵان و شەقامەکاندا دەسووڕینەوە و ئەمەش زیاتر لە جاران دۆخی ئەم شارەی لە باری ئەمنیەتییەوە ئاڵوزتر کردووە.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: پاش کوژرانی کۆنە ئەندامیکی سپای پاسداران، شاری سنە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندتی ئەمنیەتی کراوە و بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک و لەژێر ناوی دابین کردنی ئاسایش، رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنیەتییان لەو شارەدا گرتووەتە بەر.
شەپۆلی میلیتاریزە کردن لەلایەن هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، شارەکانی مەریوان و قوروەشی لە پاریزگای کوردستان گرتووەتەوە.