کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەرانی حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکارانی نوروێژ

13:25 - 19 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نوروێژ لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییە بیانییەکانی پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی \'\'عەزیم ئەلیاسی\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی نوروێژ لەگەڵ \'\'ماری وێست\'\' بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی کرێکارانی نوروێژ دیدار و چاوپێکەوتنی پێکهێنا.
لەو دیدارەدا کەلە دەفتەری پارتی کرێکارانی نوروێژ بەڕێوەچوو، خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بارودۆخی ئێران و کوردستان، زیادبوونی رێژەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان و پێوەندیی نێوان دوو لایەن، کۆمەڵە بابەتێک بوون کە باسیان لەسەر کرا.
مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دامەزرانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان بە دەستی ئەو حیزبە، ئاشتیخوازانەبوونی خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و لەهەمبەردا وەڵامدانەوە بە تیرۆر، گوشار بۆسەر چالاکانی سیاسی و زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانییانی کورد، بەشێکی دیکەی لە باسەکانی دانیشتی هەر دوو نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ و پارتی کرێکاران نوروێژ پێکهێنابوو.