کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ رێكخراوی لاوانی كوردستانی رۆژهەڵات كۆنفرانسی لاوانی كوردی هەر چوار پارچەیان لە عاموودا، بایکوت کرد

16:26 - 5 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ٦ رێكخراوی لاوانی كوردستانی ئێران لەمەڕ بەڕێوە چوونی كۆنفرانسی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان و بە حیزبی كردنی ئەو كۆنفرانسە لە پێناو ئامانجەكانی PKK ، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.
دەقی بەیاننامەكە:
بەیاننامەی ٦ رێكخراوی تایبەت بە لاوان لە كوردستانی ئێران ، سەبارەت بە پرسی كۆنفرانسی لاوانی كورد لە عاموودا
هاونیشتمانە بەڕێزەكان

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان

لاوانی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان

رێكخراوەكانی تایبەت بە لاوانی كورد

ماوەیەكە پرس و ڕا گۆڕینەوە، بە مەبەستی بەستنی سێهەمین كۆنفرانسی لاوانی چوار پارچەی كوردستان لە نێو رێكخراوەكانی تایبەت بە لاوان هاتۆتە بەر باس و بەپێی زانیارییەكان بەشێك لە رێكخراوەكان، و بەتایبەت رێكخراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان pkk بە نیازن لە شاری عاموودای سەر بە رۆژئاوای كوردستان ئەو كۆنفرانسە بەڕێوە ببەن .
لەو پێوەندییەدا ئێمە رێكخراوەكانی لاوانی كوردستانی ئێران بە ئاگاداری هەموو لایەك رادەگەیەنین كە بەشداری وەها كۆنفرانسێك ناكەین و بە پێی كۆمەڵێك پێوەری جۆراوجۆر كە بوونەتە لەمپەرێك لە راستای گەشە كردنی بیری نەتەوەیی لاوانی كورد و بەتایبەت ئەو خاڵانەی خوارەوە كە واقعی ئەمڕۆی ناوچە و رۆژئاوای كوردستانە بە كەشێكی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و لاوانی كورد نابینین .

١ـ وڵاتی سووریە كە ئێستا تووشی شەڕێكی خوێناوی لە نێوان رێژیمی بەعسی سووریە و ئەنجوومەنی نیشتمانی و سوپای ئازادی ئەو وڵاتە بووەتەوە و پاش بەهاری عەرەبی رۆژانە دەیان كەس لە خەڵكی بێتاوان دەبنە قوربانی سیاسەتی دژە مرۆڤانەی بنەماڵەی ئەسەد ، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییە كە لە ئێستادا شوێنێكی گوونجاو لە باری ئەمنییەتییەوە نییە بۆ بەرێوەچوونی وەها كۆنفرانسێك.
٢ـ بە پێی بڕیاری كۆنفرانسی دووهەمی لاوانی چوارپارچەی كوردستان، رێكخراوەكانی لاوانی رۆژئاوای كوردستان دەبوایە ئەو كۆنفرانسەیان بەڕێوە بردبا ! بەڵام ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان pkk رێڕەوی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەی بە دەستەوە گرتووە و لاوانی رۆژئاوای كوردستان هیچ رۆڵێكیان لە راستای بەڕێوەبردنی ئەو كۆنفرانسەدا نییە.

٣ـ بە پێی دوایین زانیارییەكان بەشێكی زۆری رێكخراوەكانی تایبەت بە لاوان لە هەرچوارپارچەی كوردستان بەشداری لەو كۆنفرانسەدا ناكەن ، كەواتە ناكرێت وەكوو سێهەمین كۆنفرانسی لاوانی كوردی چوارپارچەی كوردستان ناودێر بكرێت.
٤ـ لە كاتێكدا بە هەزاران كەس لە هاونیشتمانانی كوردی رۆژئاوای كوردستان ئاوارەی باشووری كوردستان و لە كەمپەكانی دۆمیز و ......هتد نیشتەجێن ئایا نەدەكرا ئەو كۆنفرانسە بە شێوەیەكی سەمبولیك لەو شوێنە بەرێوە بچێت ؟ یان ئەوەی كە پێداگری لەسەر ئەوە بكرێ كە لە ناو خۆی رۆژئاوای كوردستان بگیردرێت و دەبینین رۆژانە بەهۆی نا ئەمنییەوە رێژەیەكی بەرچاو لە خەڵكی بێ تاوانی كورد ئاوارە دەبن و دەبنە قوربانی !
لە كۆتایدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە وەها كۆنفرانسێك ناتوانرێ‌بە كۆنفرانسی لاوانی كوردی چوارپارچەی كوردستان بناسێنرێت ، بەڵكوو هەوڵێكی حیزبیانە و لە پێناو ئەهدافی حیزبیانەیە كە pkk بۆی تێدەكۆشێت.
بژی كورد بژی كوردستان
ـ ناوەندی لاوانی پێشڕەو

ـ یەكیەتیی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

ـ كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

ـ لاوانی یەكیەتی شۆڕشگێرانی كوردستان

ـ ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران

ـ لاوانی یەكیەتی دێموكراتیكی كوردستان