کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمێکی یەک رۆژە بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو

22:32 - 28 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە رۆژهەڵاتی کانادا کوردانی شنگال لە بیرنەکران و یارمەتی ماڵییان بۆ کۆکرایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی یەک رۆژە بە بۆنەی ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دەڤەری شاری هامیلتۆن لە پارێزگای ئونتاریۆ لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژهەڵاتی کانادا لەلایەن سەعید گۆڵشەن ئەندامی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، پەردە لەسەر یەکەم خولی کاپی گەلاوێژ هەڵدرایەوە کە ئەمساڵ بە یەک یاری تۆپی پێ لە نێوان یانەی شارەکانی سەینت کاترینز و لەندەن بەڕێوەچوو.

بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵی بۆ خوشک و برایانی ئاوارە و لێقەوماوی ئێزیدی شەنگال کە بەشدارانی رێوڕەسمەکە بە گوێرەی توانا یارمەتی ماڵی خۆیان شان بە شانی کۆمیتە کۆکردەوە.