کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لە بەرەبەری \"دەیەی فەجر\"دا هەوڵی راکێشانی خەڵکی کوردستان بۆ رێپێوان دەدات

19:18 - 11 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چەند شار و ناوچەی کوردستان، دەیانهەوێ بە فێڵ و تەڵەکە خەڵک بۆ رێپێوانی دەیەی فەجر رابکێشێن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دەست و پێوەندییەکانی رێژیم لە شاری مەریوان و ناوچەکانی هەوشار و فەیزوڵڵا بەگیی سەقز بە فرت و فێڵ و دانی بەڵێنیی جۆراوجۆر بە خەڵک، لە هەوڵ دان هەتا لە دەیەی فەجردا خەڵک بۆسەر شەقامەکان رابکێشن.
لەو کردەوەی هێزەکانی رێژیمدا گوند بە گوند و گەڕەک بە گەڕەک و تەنانەت لە هەندێ ناوچەشدا ماڵ بە ماڵی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە گەڕاون و سەرەڕای دانی بەڵێنی و هەروەها بەخشینی خواردن و شتومەک بە هاووڵاتییانی کەم داهات و دەست کورت، لەمەڕ بەشداریی هاووڵاتییان لە رێپێوانەکانی دەیەی فەجردا هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە.

بەوتەی هاووڵاتییەکی ناوچەی فیزوڵڵا بەگیی سەقز، خەڵک نە تەنیا وەڵامیی داخوازیی هیزەکانی رێژیمیان نەداوەتەوە بەڵکوو بە چاوێکی سووکەوە، چاویان لێ کردوون و لە هەندێ گوندیشدا گەڵتەیان پێ کراوە.

ئەم هاووڵاتییە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێ بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا وتووە: فرماندەی پایگای کولتەپەی جەهانگیر خان رێکەوتی ٨ی رێبەندان گوشارێکی زۆری بۆ خەڵک هێناوە، کە خەڵک دەبێ بە ناچاری لە رێپیوانی ٢٢ رێبەنداندا لەو شوێنە کە بۆیان دیاری دەکرێ، بەشداری بکەن.
هەروەها لە شاری مەریوانیش بەرپرسی سەندیکای تاکسیڕانان، بە تێکڕای شۆفیر تاکسییەکانی راگەیاندووە، کە دەبێ هەموویان بە تاکسییەکانییانەوە رێکەوتی ١٢ی رێبەندان بە مەبەستی بەڕێوە بردنی رێژە بە تاکسی لەنێو شاردا ئامادە بن.