کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ رێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران، ئەکسیۆنێکی هاوبەشیان بەبۆنەی ٨‌ی مارس بەڕێوە برد

22:04 - 16 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شەش رێکخراوی ژنانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠٢هەمین ساڵڕۆژی نێودەوڵەتیی ژنان ئەکسیۆنێکیان لە ژێر ناوی یەکگرتوویی و هاوهەڵویستیی ژنان، رەمزی سەرکەوتنمانە لە شاری هەولێر بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦‌ی رەشەمە ئەو ئەکسیۆنە بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان، پارلمانتار و نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن لە پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرەتا سروودێک لە ژێر ناوی یەکسانی خوێندرایەوە و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە ژنانی شەهیدی رێگای رزگاریی کوردستان راگیرا.
پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئیلهام چایچی بەرپرسی رێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لەو پەیامەدا هاتبوو: خەبات بۆ ئازادی و وەدیهاتنی دادپەروەری و رێز گرتن لە بەها مرۆیی‌یەکان مێژوویەکی دوور و درێژ، پڕ لە کەند و کوسپ و پڕ لە گیان فیدایی هەیە.
لە درێژەی ئەو پەیامەدا هاتبوو، لە کاتێکدا یادی ٨‌ی مارس دەکەینەوە کە ژنانی ئێران و ژنانی کورد بە تایبەتی لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆیان بێبەشن و لەوەش زیاتر ژنانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە شارومەندی پلە ٢ سەیریان دەکرێ‌و لە یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی دواکەوتووی ئێراندا دەیان قەید و بەند بۆ ژنان دانراوە کە لە سەرەتایی‌ترین مافەکانیان بێبەریان دەکات.
دواتر نوێنەری کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات دەقی پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێرانی بە زاراوەی کەڵوڕی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو چالاکییەدا پارچە شێعرێک لە لایەن سوهەیلا قادری خوێندرایەوە و سۆما عەزیزیش هەڵبەستێکی پێشکەش کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا دەقی پەیامی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی ئێران لەلایەن نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانەوە بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە و دواتریش ئەو دەقە بە زمانی فارسی لەلایەن نوێنەری رێکخراوی ئاسۆی ژنی کوردەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ئەکسیۆنەدا ئاوێزە نووری پارچە شێعرێکی خوێندەوە و پەخشانێکیش لەلایەن بێهرووز مەلەکشا و نەرمین عوسمانیـەوە پێشکەش کرا.
هەر بەو بۆنەوە شیرین ئامێدی ئەندام پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و کۆمەڵێک لە پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە بۆنەی رۆژی ٨‌ی مارسەوە خوێندرانەوە.
ئەو شەش رێکخراوەیە بریتین بوون لە:
ــ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

ــ رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد

ــ کۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەبات

ــ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان

ــ ژنانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی کوردستان

ــ کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات