کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زبڵەکان لە بۆکان و مەهاباد، هەڕەشە لە ژینگەی ئەو ناوچانە دەکەن

16:19 - 5 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: نەبوونی کارخانەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زبڵەکان لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد، سەرەڕای بڵاوە کردنی بۆنی ناخۆش لە کێڵگە وەرزێڕییەکان، تەنگەژەی ژینگەیی دروست کردووە.


لە رۆژێکدا ١٥٧ تۆن زبڵ لە شارستانی مەهاباد بە شێوەی سوننەتی کۆ دەکرێتەوە و لە گوندی سەیداوا دەیکەنە ژێر خاکەوە.
شاری بۆکان لە بارودۆخێکی هاوشێوەی شاری مەهاباد دایە کە پیسیی ژینگە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی گوندەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیەی لێ کەوتووەتەوە.
سەرەڕای بۆنی ناخۆشی ئەو زبڵانە، با، زبڵە سووک و کەم قەبارەکان لە ناوچەکانی دەوروبەر بڵاوە پێ دەکات. زۆربەی هەرە زۆری ئەو زبڵانە رەوتی هەڵوەشاندنەوەیان بۆ ئەنجام نادرێت و بە چەندین ساڵ دەمێننەوە.
کێشە کۆکردنەوەی زبڵەکان تایبەت بە شارەکانی بۆکان و مەهاباد نییە و زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران و تەنانەت ئێرانیشی گرتووەتەوە.
بەرپرسی بێهداشتی شارستانی مەهاباد دانی بە کۆکردنەوەی ناتەندروستی زبڵی شارستانی مەهاباددا داناوە و گوتوویەتی: بەردەوام بوونی ئەو رەوتە جێی پەسند نییە و لێپرسراوان پێویستە لەو پێوەندییەدا هەوڵێک بدەن.
نەبوونی کارخانەی بەرهەمهێنانەوەی زبڵەکان و کۆ کردنەوەی ئەو زبڵانە بە شێوازی سوننەتی و دواکەوتوانە و ناتەندروست و کەمتەرخەمیی لێپرسروانی پێوەندیداری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کێشەگەلێکن کە بەرۆکی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هاووڵاتییانی شاری مەهاباد و بۆکانی گرتووەتەوە و خەڵکی ئەو ناوچەیەی وەزاڵە هێناوە.
ئەمە لە کاتێک دایە کە چەندین ساڵە لێپرسراوانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵێنیی جێبەجێ کردنی کێشە کۆکردنەوەی زبڵەکانیان لە بۆکان و مەهاباد داوە بەڵام تەنیا لە قاڵبی دروشمدا ماونەتەوە.