کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتێژیی ڕاسان خۆفرۆشانی دمامکداری مافی مرۆڤی ترساند

14:34 - 14 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: خۆفرۆشانی ڕێژیم لەژێر دەمامکی مافی مرۆڤ لە کوردستان، دروستبوونی یەکگرتوویی نێوان خەباتکارانی مەدەنی و سیاسیی و خەباتی شاخ وەک چالاکیی تێرۆریستی وەسف دەکەن.

بەکرێگیراوانی ڕێژیم له کوردستان حیزبە کوردییەکان یەک لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوەی تێرۆریستی لە کوردستان تۆمەتبار دەکەن.

بەرپرسی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە سنه، کرماشان و ئیلام و خۆفرۆشی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی مرصاد نیوز یەکێک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاندووە: ئێمە چالاکییەکانی ئەو حیزبانە بە پشتیوانی لە وڵاتانی ناوچەکە لەژێر ناوی ڕاسان دەبینین، بە شێوەیەک که حیزبی دێموکرات ئامانجەکانی خۆی خەباتی مەدەنی و سیاسی و گرێدانی ئەو خەباتە بە شاخ یا هەمان چالاکیی تێرۆریستی وەسف کردووە.

ئەو خۆفرۆشانە ئیدعا دەکەن کە حیزبە کوردییەکان لە تێرۆری کەساییەتییە مەدەنی و زانایانی کوردستان، ژنان و منداڵان و هاوڵاتییانی کورد دەستیان هەبووە.

ئەو جاشەی ڕێژیم کە لە ژێر دمامکی مافی مرۆڤی کوردستان چالاکی دەکات، گوتوویەتی: بەڵگەنامەکانی کۆمەڵە و دێموکرات ڕادەستی ناوەندە نێودوڵەتییەکان دەکەین؛ ڕاپۆرتەکانی بەردەستمان دەرخەری ئەوەن کە ئەو حیزبانە کەڵکاژۆ لە ژنان وەردەگرن.

تێرۆریست عەلی سادقی لە کاتێکدا یەکسانی ژن و پیاو لە حیزبە کوردییەکاندا بە بلوف وەسف دەکات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیدا پێداگری کردووە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پارێزەری یەکسانییە کۆمەڵایەتییەکانە و داواکاریی لابردنی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگییە کە دژی ژنان بەکار دەهێنرێت.

هەروەها ئەو بەکرێگیراوە ڕاپۆرتەکانی ئەحمەد شەهیدی لە بارەی دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێراندا وەرگیراو لە ڕاپۆرتی حیزبە کوردییەکان دەزانێت.

قسەکانی ئەو خۆفرۆشە لە کاتێک دایە کە لە سەرەتای هاتنه سەرکاری ئەو ڕێژیمە تا ئێستا له کوردستان، ئەم ڕێژیمە لە کۆمەڵکوژی، تێرۆر، دەستبەسەرکردن، ئێعدام، دەستدرێژی بە نامووسی خەڵک و کردەوەی دژە مرۆیی لە هیچ کارێک خۆی نەبواردووە.

تێرۆری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، شەهید دوکتور شەرەفکەندی و مەلا محەممەد ڕەبیعی لە کەسایەتییە نەتەوەیی و ناسراوەکانی گەلی کورد لە لایەن دەزگای تێرۆری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەند نموونەیەکی بەرچاون کە قسەکانی ئەو جاشەی ڕێژیم کە تۆمەتی تێرۆریستی بوون وەپاڵ حیزبە کوردییەکان دەدەن، ڕەت دەکاتەوە.

ڕاسان، خەباتی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵاته کە دوای ٢٠ ساڵ هەڵپەساردنی خەباتی چەکداری، حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامانج لەو خوله لە خەباتی نوێی یەکپارچەکردنی خەباتی شار و شاخ ڕاگەیاندووە کە دەیهەوێ ئیدەی ئازادی کە لەژێر مۆدێلە پێکەنیناوییەکانی ڕێژیم‌ذا باسی لێ دەکرێت ڕزگار بکات و دیسان بە کۆمەڵگای بناسێنێت.