کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لەسەر \'\'رێککەوتننامەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە\'\' لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

15:42 - 21 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕ بوونی ساڵێک بەسەر رێککەوتننامەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سمینارێک لە پێوەندی لەگەڵ کاریگەری و لایەنە جیاوازەکانی ئەو رێککەوتنە رێکخرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سمینارە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوو رێکخراوی \'\'یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران\'\' و \'\' کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژهەڵات\'\' لە بنکەی کۆمەڵەی خوێندکاران بەڕێوەچوو.
لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا، \'\'محەممەد نەزیف قادری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لێکدانەوەی بەستێنەکان و هەوڵەکانی هەر دوو حیزب، لەمەڕ یەکیەتی و هاوپەیمانیی هێزە کوردستانییەکانی ئێران، لەسەر رەهەند و لایەنە ئەرێنییەکانی واژۆی ئەو رێكکەوتننامەیە و ئاسۆی گەشەپێدانی پێوەندییەکان و هەمەگیر کردنی ئەو رێککەوتنە لەنێوان هێزەکانی کوردستاندا، پێداگریی کردەوە.
پاشان \'\'ئەنوەر محەممەدی\'\'، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاماژە بە کاریگەری و رەهەندە ئەرێنییەکانی یەکگرتوویی و هاوپەیمانیی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، باسی لە باندۆری ئەو هاوپەیمانییە لە بەرەوپێش بردنی پرسی نەتەوەیی کرد و یەکگرتوویی لە ئاخێو و سیاسەتی هەر دوو لایەنی لە پێوەندی لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی ئێرانی وەکوو یەکێک لە بەرەنجامەکانی ئەو رێککەوتننامەیەدا لە قەڵام دا.


لە پانێلی دووهەمی ئەو سمینارەدا، بێهزاد خوشحاڵی، نووسەر و رۆژنامەنووس پڕژایە سەر پێویستی و تایبەتمەندییەکانی هەر رێککەوتنێک و واژۆی ئەو رێککەوتننامەیەی بە نیشانەی دەروەستیی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە تێگەیشتن ئەو زەروورەتە مێژوویی‌یە زانی و لەسەر هەمەگیر کردنی و بەربڵاو کردنی رەهەند و لایەنە پراکتیکییەکانی ئەو رێککەوتننامەیە، پێداگریی کردەوە.
دواتر \'\'رامبۆد لوتف‌پووری\'\'، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسی دژایەتییەکان و کاردانەوەی حیزب و رێکخراوە ناوەندەگەرا و سانتراڵەکانی ئێرانیی لەهەمبەر ئەو رێککەوتننامەیە تاوتوێ کرد.
لوتف‌پووری لەو پێوەندییەدا گوتی، پەرچەکرداری شۆڤینیزمی ناوەندگەرای ئێرانی لەهەمبەر رێککەوتننامەی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، دەرخەری نکۆڵی کردن لە شوناسی نەتەوەیی و مافی سیاسیی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ رایەدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا نییە. ناوبراو وتیشی: پێویستە لەمەو بەدوا نوێنەرانی سیاسیی نەتەوەی کورد لە وتووێژ و پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئەو هێزانە، فیدراڵیزمی نەتەوەیی ــ جوغرافیایی بکەنە بنەمای داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و پەژراندنی مافی نەتەوەیی و سیاسیی خۆیان لەلایەن ئەو رەوتانەوە، بکەنە پێش‌مەرجی هەرچەشنە هاوپەیمانی و یەکگرتنێک و ناسنامە و شوناسی ئێرانی بوون پێناسە بکەنەوە.
بەشی کۆتایی ئەو سمینارە بۆ پرسیار و وەڵام تەرخان کرابوو.