کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوودان لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئامریکا هاتە دەرەوە

12:24 - 17 بەفرانبار 2720

وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە سەرەنجام پاش چەندین مانگ دانوستاندن فەرمانی هێنانە دەرەوەی ناوی سوودانی لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان واژۆ کردووە.

وڵاتی سوودان پێشتر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوانگیریی ئامریکاوە، مەرجێکی دانابوو کە هاتنە دەرەوەی ئەو وڵاتە لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئامریکا بوو.

لە بەرانبەردا ئامریکا مەرجی دانابوو کە لە ئەگەری پێدانی ٣٣٥ ملیۆن دۆلار غەرامە بە بنەماڵەی کوژراوانی ڕووداوی تێرۆریستیی باڵوێزخانەی ئامریکا لە "تانزانیا و کینیا" کە لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕوویدا ئەو وڵاتە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان دێنێتە دەرەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو: "پێدانی غەرامە بە بنەماڵەی قوربانییانی ئامریکایی و بنەماڵەکانیان لە ڕووداوە تێرۆریستییەکەدا مسۆگەر بووە".

هەروەها "عەبدوڵڵا حەمدووک" سەرۆکوەزیرانی "سوودان" ڕایگەیاندووە کە "خارتوم غەرامەتی داواکراوی بۆ تەقینەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا لە کینیا و تانزانیا کە لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕوویدا، بە مەبەستی هاتنە دەرەوەی ناوی ئەو وڵاتە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان بە ئامریکا داوە".

وڵاتی سوودان بە تاوانی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان و جێگا پێدانیان چووە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکار لە تێرۆریزمەوە.

خەڵکی سوودان بەرانبەر بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوودان لەگەڵ ئیسرائیل ناڕەزایەتییان دەربڕی، هەروەها بەرپرسانی فەلەستینی ڕەخنەیان لەو وڵاتە گرت.