کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: چین ١٣٠٠ باری پارچەی مووشەکیی ڕەوانەی وەزارەتی بەرگریی ئێران کردووە

13:44 - 2 رەزبەر 2726

ڕاپۆرتە نوێیەکانی ڕۆژنامەی «واڵ‌ستریت ژۆرناڵ» دەریانخستووە کە کۆمپانیا و دامەزراوە چینییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ١٣٠٠ باری هەڵگری پارچەی دووکردەیی سەربازی و مەدەنیی بۆ وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە. ئەم پارچانە کە توانای بەکارهێنانیان لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی ئاراستەکردنی مووشەکدا هەیە، لە ڕێگەی زیادبوونی گەشتە ئاسمانییە بارییەکان و کەشتییەکانەوە گوازراونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کە هاوکات لەگەڵ سەردانی شی جین‌پینگ، سەرۆککۆماری چین بۆ واشینگتۆن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بڵاو کراوەتەوە، تەنیا دوو ڕۆژ دوای ئاگربەستی کاتیی نێوان تاران و واشینگتۆن، زیاتر لە ١٢ بار کە لەخۆگری پارچەی بەکاهێنراوە لە پەهبادە، بە بەهای شەش میلیۆن دۆلار گەیەندراوەتە ئێران.

لە بەرانبەردا، چین هەر جۆرە فرۆشتنی چەک بە کۆماری ئیسلامیی ڕەت کردووەتەوە و جەختی لەسەر چاودێریی توند بۆ کەلوپەلی دووکردەیی کردووەتەوە، بەڵام سزاکانی ئەمریکای بە «یەک لایەنە و نایاسایی» ناو بردووە.