کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە زیانی ٦٥ هەزار میلیارد تمەنی بەر بنکەکانی ڕێژیم لە پارێزگای هۆرمۆزگان کەوتووە

13:56 - 2 رەزبەر 2726

پارێزگاری ڕێژیم لە هۆرمۆزگان کۆی ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەم پارێزگایە لە ڕەوتی شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێرانی بە نزیکەی ٥ هەزار حاڵەت ڕاگەیاند و باسی لە زیانی ٦٥ هەزار میلیارد تمەنی لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کرد.

مەحەممەد ئاشووری پارێزگاری ڕێژیم لە هۆرمۆزگان، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەر، لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاند کە کۆی پێکدانەکانی پێکهاتوو بۆ سەر پارێزگای هۆرمۆزگان تا ئێستا نزیکەی ٥ هەزار حاڵەت بووە و قەبارەی زیانی پێگەیشتووش تا ئێستا ٦٥ هەزار میلیارد تمەن بەرانبەر یەک میلیارد دۆلار خەمڵێندراوە.

ئاشووری هەروەها ڕاشیگەیاند کە لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە نزیکەی هەزار و ٤٠٠ مووشک و دڕۆن بەر سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تۆنبی گەورە و تۆنبی بچووک کەوتوون.

پارێزگای هۆرمۆزگان بەهۆی دراوسێیەتی لەگەڵ گەرووی هۆرمۆزەوە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی هێرشەکانی مانگەکانی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمە ڕادارییەکان، کەلوپەل و دامەزراوە دەریاییەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و ئەو کەرەستە و توانایانەی بۆ چاندنی مین بەکار دەهێنران.

سێنتکام شەوی سێشەممە ١٠ی خەرمانان، ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک پێگەی هەستیار و گرنگی سپای پاسدارانیان لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز کردووتە ئامانج.

ئەو شوێنانەی هێرشیان کرابووە سەر بریتی بوون  لە: کۆنارەک، چابەهار، قێشم، بەندەرعەباس، سیریک، کرمان، عەسەلوویە، جاسک، بەندەر لنگەی هۆرمۆزگان و چەند بنکەی دیکە.