کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا بازنەی سنووردارکردنی بانکە ئێرانییەکانی توندتر کردووەتەوە

13:37 - 2 رەزبەر 2726

بریتانیا هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی گوشارە داراییەکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، مەرجی پێدانی مۆڵەت بۆ بانکە ئێرانییەکانی توندتر کردەوە. بەرپرسانی بریتانیا ڕایانگەیاندووە کە مۆڵەتی گشتیی ئێستا بۆ چالاکییە سنوردارەکانی ئەم بانکانە، دوای کۆتاییهاتنی ماوەکەیان لە مانگی داهاتوودا نوێ ناکرێتەوە.

لەسەر بنەمای ڕوانگەی نوێی خەزێنەداریی بریتانیا، داواکارییە نوێیەکانی مۆڵەت لەلایەن ئەو بانکە ئێرانییانەوە کە گەمارۆکان دەیانگرێتەوە و لەم وڵاتەدا چالاکی دەکەن، بە شێوەی پێشوەختە ڕەت دەکرێنەوە.

لقەکانی بانکی سێپە‌هـ، بانکی میللیی ئێران، بانکی سادرات، پێرشییەن ئینتێرنەشناڵ بانک و بانکی تجارت لەو بانکانەی ڕێژیمی ئێرانن کە بریتانیا ئیتر ڕێگە نادات لەو وڵاتەدا چالاکی بکەن.

هاوکات بانکی ناوەندیی ئێمارات ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەر، سەرجەم لقی بانکی میللیی ئێرانی لەم وڵاتەدا قەدەغە کرد.

بانکی ناوەندیی ئێمارات هۆکاری ئەم بڕیارەی بە پێشێلکردنی ڕێساکان و مەرجەکانی چاودێری، لەوانە جێبەجێنەکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم و دابینکردنی ماڵیی بڵاوکردنەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان ڕاگەیاند.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ٦ی خەرماناندا، لقە ئێماراتییەکانی بانکی میسری بەهۆی مامەڵە پەیوەندیدارەکانی تۆڕی بانکداریی سێبەری کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد و پێشنیاری پچڕاندنی دەستپێڕاگەیشتنی ئەم لقانەی بە سیستەمی بانکیی ئەمریکا پێشکەش کرد.

هاوکات لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا، دامەزراوە چاوەدێرییەکانی تورکیە مۆڵەتی چالاکیی لقی ئێستانبوڵی "بانکی میللەت"ی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە؛ بەم بڕیارە کۆتایی بە ئامادەیی ٤٤ ساڵەی ئەم دامەزراوە داراییەی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەو وڵاتەدا هات.

بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە هەڵمەتی گوشاری دارایی بە ڕێبەریی ئەمریکا بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە قەبووڵکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوون و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە یەک مانگی ڕابردوودا ئەم هەڵمەتەی بۆ سنووردارکردنی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سیستەمی بازرگانیی جیهانی دەست پێکرد.