
گوڵان هیجری
بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» یەکێکە لە بەرچاوترین و قووڵترین وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. ئەوەی لە خەرمانانی ٢٠٢٢دا و دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا، لە ماوەیەکی کورتدا لە ناڕەزایەتییەکی سەرەتایی بەرانبەر بە حیجابی زۆرەملێ، پەڕییەوە بۆ شۆڕشێکی چەمکساز و بزووتنەوەیەکی گشتگیر دژ بە تەواوی پایە ئایدیۆلۆژی و بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی.
لە توێژینەوەیەکی ئەکادیمیدا، مستەفا خەلیلی لە گۆڤاری پرۆتێستـدا، ئەم بزووتنەوەیەی بە بێوێنەترین و فراوانترین شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ئێراندا لە دوای ساڵی ١٩٧٩ەوە پێناسە کردووە. خەلیلی جەخت لەوە دەکاتەوە کە جیاوازیی سەرەکیی ئەم سەرهەڵدانە لەگەڵ «بزووتنەوەی سەوز»ی ٢٠٠٩دا، تەنیا لە فراوانیی پانتایی شەقامەکاندا نەبوو، بەڵکوو لە گۆڕانی چۆنایەتی و بنەڕەتیی گوتار و داواکارییەکاندا بەرجەستە بوو؛ واتە تێپەڕین لە وەهمی چاکسازیخوازیی نێوخۆیی بەرەو داخوازیی ڕادیکاڵانەی هەڵوەشاندنەوە و ڕووخاندنی تەواوەتیی ڕێژیم.
بێگومان گرنگیی مێژوویی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» هەر بە ژمارەی بەشداربووان و قەبارەی شەقام پێوانە ناکرێت؛ بەڵکوو یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتە ئیپیستیمۆلۆژی و چەمکییەکانی ئەوە بوو کە ژن لە ئۆبژەی دەستی سیاسەتەوە گۆڕدرا بۆ سوژە و کاراکتەری سەرەکیی گۆڕانکاریی سیاسی. ژن چیتر ئەو جەستە و بوونە پاسیڤە نەبوو کە دەسەڵات و یاسا پیاوسالارەکان بڕیار لەسەر چارەنووس و شێوازی ژیانی بدەن، بەڵکوو خۆی بوو بە خاوەن ئیرادە، پێشەنگی گۆڕەپان و مانیفێستی ڕزگاریخوازی.
ئەم وەرچەرخانە فیکرییە پێویستی بە تێگەیشتنێکی تیۆریی قووڵ هەیە؛ چونکە کاتێک ژن دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر جەستە، جلوبەرگ و شێوازی ژیانی لە ڕێژیم دەستێنێتەوە، ململانێکە لە بازنەی مافێکی فردی و تاکەکەسی دەرباز دەبێت و ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی داتەکاندنی سنوورە پیرۆزکراوەکانی دەسەڵاتی تۆتالیتار؛ لێرەدایە کە جەستە و ژیانی ژن دەبێتە چەقی ململانێی سیاسی. بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو گڕکانە جەماوەرییەدا، پرسێکی ئیپیستیمیک و چارەنووسساز سەرهەڵدەدات: ئایا ئەو سەرمایە و هێزە کۆمەڵایەتییە گەورەیەی لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا خوڵقا، تا چ ڕادەیەک توانیویەتی شێوەیەکی دامەزراوەیی وەربگرێت و ببێتە هێزێکی سیاسیی بەردەوام و بڕیاردەر؟
ئەم پرسە ئێجگار گرنگە؛ چونکە لە کۆمەڵناسیی شۆڕشەکاندا، «شەپۆلی وشیاریی کۆمەڵایەتی» بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک نابێتە «دەستکەوتی سیاسیی بەردەوام». بزووتنەوەکە توانیویەتی تابۆکان بشکێنێت و سنوورەکانی گوتار لەسەر ژن، ئازادی، چەوسانەوە و دەسەڵات بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەرفراوان بکات و نەوەیەکی نوێ بهێنێتە نێو کایەی ململانێ؛ بەڵام وشیاریی کۆمەڵایەتی بەبێ میکانیزمی سیاسیی ڕێکخراو، بە تەنیا ناتوانێت سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێت یان لەپەلی بخات.
بزووتنەوەی جەماوەری دەتوانێت پایەکانی دەسەڵات بلەرزێنێت، بەڵام بۆ گۆڕینی هاوکێشەی حوکمڕانی، پێویستیی بە چوارینەی: ڕێکخستنی پتەو، بەرنامەی سیاسی، ستراتیژیی کارا و توانای دروستکردنی هاوپەیمانیی سیاسیی بەرفراوان هەیە.
ڕێک لەم خاڵەدایە کە گرێکوێرەیەکی ستراتیژیی بزووتنەوەکە دەردەکەوێت: بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سەرەتادا بە شێوەیەکی خۆڕسک، تۆڕیی و فرەناوەند (شێوە ڕیزۆمیک) پەرەی سەند. ئەم تایبەتمەندییە لە ساتەوەختی سەرهەڵداندا خاڵێکی بەهێز بوو، چونکە نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی دیاریکراو و ناوەندی، دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی بۆ ماوەیەک تووشی سەرلێشێوان کرد و دەرفەتی سەرکوتی خێرای لێ سەندنەوە؛ بەڵام هەمان خەسڵەت لە قۆناغی دواتردا بووە گەورەترین ئاستەنگی سیاسی: ئەویش پەرشوبڵاوبوونەوە و بێوەڵاممانەوەی ئەم پرسیارە بوو کە چۆن دەکرێت ئەو وزە شۆڕشگێڕییە ئاراستە بکرێت و کەناڵیزە بێت بۆ خزمەت پڕۆژەیەکی یەکگرتوو و ڕێکخراوی سیاسی؟
ئەم دۆخە نابێت بە لێکدانەوەیەکی ڕووکەش بە «شکست» لە قەڵەم بدرێت؛ چونکە لە فەلسەفەی سیاسیدا، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و پڕۆژەی سیاسی دوو پرۆسەی جیاوازن بەڵام تەواوکەری یەکترن. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تەلیسمی ترس دەشکێنێت، چەمکەکان دادەڕێژێتەوە و بیاڤی گشتی وەئاگا دەهێنێتەوە؛ کەچی پڕۆژەی سیاسی پێویستی بە دامەزراوەسازی، چڕکردنەوەی تواناکان و گۆڕینی هێزی شەقامە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی کارا.
لە بەرامبەریشدا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە چەکی سەرکوتی خوێناوی پێش بەم تەوژمە نەگرتووە؛ بەڵکوو پشتی بە سیستەمێکی ئاڵۆزی پێکهاتەیی بەستووە کە تۆڕێکی لە دەزگای یاسایی، ئەمنی، سەرکوتکاری دەروونی و سەرمایەداریی ڕانتخۆر لەبەردەستدایە و بە شێوەیەکی فرەڕەهەند مانۆڕی پێوە دەکات تا کۆنترۆڵی کات بکات و ناڕەزایەتییەکان بتوێنێتەوە. بۆیە هەر هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا، دەبێت تەبایی و هاوسەنگی لە نێوان گوڕوتینی هێزی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕێکخستنی سیاسی و دامەزراوەییدا دروست بکات.
هاوکات، کەمبوونەوەی ڕێژەیی دەرکەوتنی جەماوەر لە شەقامدا نابێت وەک کۆتاییهاتنی ئەم ڕەوتە مێژووییە سەیر بکرێت. شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە بە یەک فۆرم و بە شێوەیەکی هێڵی بەردەوام نابن؛ زۆرجار کاتێک شەقام کەمێک بێدەنگ دەبێت، بزووتنەوە لە شادەماری ژیانی ڕۆژانەدا ڕەگ دادەکوتێت؛ لە زانکۆکان، ژینگە ئەدەبی و هونەرییەکان، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بەتایبەت لە بەرگریی ژنان دژ بە ستەمی باڵادەست. کەواتە دەبێت جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان «دامرکانی شەپۆلێکی سەر شەقام» و «کۆتاییهاتنی بنەماکانی بزووتنەوە»دا بکەین.
بۆ ژنانی کورد، ئەم ململانێیە خاوەنی فرەڕەهەندییەکی مێژوویی و جیۆپۆلیتیکی قووڵترە. چەمک و مانیفێستی «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانەوە سەری هەڵدا و ژینا ئەمینی بوو بە هێما و سیمبولی ڕاپەڕینێکی سەرانسەری. بەڵام ژنی کورد هاوکات لەگەڵ ستەمی ڕەگەزیدا، لەژێر قورسایی توندی سەرکوتی سیستماتیکی نەتەوەیی، سیاسی و میلیتاریزەکردنی بەردەوامی نیشتمانەکەیدا دەژی. کەواتە پرسی ژنی کورد هەرگیز لە چوارچێوەی داخوازیی «مافی ژنان»دا قەتیس نابێت، بەڵکوو بە هاوکێشەی ڕزگاریی نەتەوەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چارەسەری ستەمی نەتەوە بێدەوڵەتەکانەوە بەستراوەتەوە.
ئەگەر بزووتنەوەکە تەنیا لە ڕووبەری دروشم و هێما سۆزدارییەکاندا چەق ببەستێت، کاریگەرییە سیاسییەکەی پاشەکشە دەکات؛ بەڵام ئەگەر ئەو زەین و هۆشیارییە مێژووییەی خوڵقاندی، بگۆڕدرێت بۆ دیسکۆرس و گوتارێکی سیاسیی هاوچەرخ و فرەدەنگ، ئەوکات دەتوانێت وەڵامی مانیفێستی داهاتوو بداتەوە: دەسەڵاتی داهاتوو چۆن و لەسەر چ مۆدێلێک دادەمەزرێت؟ هاوسەنگیی مافی تاک و مافی بەکۆمەڵی پێکهاتەکان چۆن زامن دەکرێت؟ پێگەی نەتەوەکان لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیدا چۆن ڕێک دەخرێتەوە؟ و لە هەمووی گرنگتر، ژن لە پێکهاتەی بەڕێوەبردن و ناوەندی بڕیارداندا چۆن دەبێتە بکەرێکی خاوەن دەسەڵات؟
لێرەدایە کە خەباتی ژنان پێ دەنێتە فازێکی باڵاتر؛ پرسیارەکە چیتر تەنیا ئەوە نییە کە «چۆن دەسەڵات تووشی تەنگژە بکەین؟»، بەڵکوو ئەوەیە کە «چۆن ئەم وزە جەماوەری و کۆمەڵایەتییە بگۆڕین بۆ سەروەریی سیاسی و توانای بڕیاردانی کارا؟».
گۆڕانکاری لە ساتەوەختی شکاندنی دیوارەکانی ترسەوە دەست پێدەکات، بەڵام گەیشتن بە مەنزڵی سەرکەوتن، پێویستیی بە دیسپلینی فیکری، پلاندانانی ڕێکخراوەیی و دیدگایەکی ڕوون بۆ داهاتوو هەیە.
لە کۆتاییدا، میراتی زیندووی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» نابێت لە ئەرشیڤی بیرەوەریی شەقام و دروشمە کاتییەکاندا کورت بکرێتەوە؛ بەڵکوو پێویستە لە وەڵامی ئەم پرسیارە بنیادنەرەدا بپشکنرێت: ئایا ئەو کۆمەڵگەیەی بوێریی شکاندنی ترسی هەبوو، ئامادەیی و لێهاتوویی ئەوەشی هەیە کە داهاتوویەکی دێموکراتیک و فرەڕەهەند بنیاد بنێت؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، کەواتە ئەرکی لەمەودوای هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەوەیە کە لە ناڕەزایەتییەوە بەرەو ڕێکخستنی تۆکمە، لە ڕێکخستنەوە بەرەو مانیفێست و بەرنامە، و لە بەرنامەشەوە بەرەو داڕشتنی هێزێکی سیاسیی ڕەوا و بڕیاردەر هەنگاو بنێن. تەنیا لەو کاتەدایە کە «ژن، ژیان، ئازادی» لە ناوی ڕاپەڕینێکی مێژووییەوە، بە کردەوە دەبێتە پڕۆژەی ڕزگاریی مرۆڤ و گۆڕینی ڕیشەییی چارەنووسی کۆمەڵگە.
سەرچاوە:
(Mostafa Khalili, “From ‘Green Movement’ to ‘Woman, Life, Freedom’: Continuity and Change in the Evolution of the Protest Movement in Iran,” Protest, Vol. 3, No. 1, 2023, pp. 133–140).