کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ کۆبوونەوەی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە

15:49 - 19 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید کۆبوونەوە.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سوید بە سەرپەرستی ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کومیتە و شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی سالار ئاشناگەر ئەندامی کومیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی کۆمەڵە، لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی هەنووکەیی و هەستیار خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە و کار و چالاکییە هاوەبەشییەکانی رابردووی هەر دوو کومیتەی ناوبراو بەرز نرخێندران.

هەر لە درێژەی دانیشتنەکەدا شاندە دانووستانکارەکان پاش ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێشنیار، لەسەر چەندین خاڵی گرنگ بۆ ڕاپەڕاندنی کار و چالاکییە هاووبەشییەکانی داهاتووی هەردوولا لە وڵاتی سوید ڕێک کەوتن.

بەفراوانتر کردنی کار و چالاکییە هاوبەشییەکان لە وڵات سوێد، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاووبەش بە مەبەستی کار و چالاکیی راگەیاندن لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆراو جۆرەکاندا، پشتیوانی هەر جۆرە هاوکارییەک سەبارەت بە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هۆی هێرشیداعشـەوە ئاوارەن و پێویستیان بە یارمەتی مادی و مەعنەوییە لەو خاڵانە بوون کە پاش باسێکی چڕوپڕ بڕیاریان لەسەردرا.

9353.jpg

هەروەها گەڵاڵەی ڕێکخستنی خۆپیشاندان و رێپێوان لە کاتە پێویستییەکاندا و ئامادە کاری بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو لە داهاتوودا لە راسپاردەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا دوو لایەن لەسەر جێ‌بەجێ کردنی راسپاردەی سەرکردایەتی حیزبەکانیان و بەرفراوان کردن پەرەپێدانی دۆستایەتی و چالاکییە هاوبەشییەکانیان پێداگرییان کردەوە.