کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی دوو پارتی سیاسیی کوردستانی تورکیە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

20:57 - 29 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی هاوبەشی پارتی وڵاتپارێزی باکوور و پارتی سوسیالیستی باکوور سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی شاندێکی هاوبەشی پارتی وڵاتپارێزی باکوور و پارتی سوسیالیستی باکوور بە سەرپەرەستیی \'\'نیزامەدین تاج\'\' ناسراو بە بۆتان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد ‌و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازیی لێ کرا.
لەم هاودیتنەدا نیزامەدین تاج ئامانج لەم سەردانەی بۆ حیزبی دێموکرات بۆ ئاڵوگۆڕی نەزەر لەسەر کۆمەڵێک پرسی سیاسیی پێوەندیدار بە کورد ‌و رەوشی سیاسیی باکووری کوردستان‌ و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە ‌و هەروەها ئاستەنگەکانی سەر رێگای ئەو رەوتەی ئاماژە پێکرد و لایەنەکانی ئەو پرۆسەیەی خستە بەر نەزەری هاوڕێیانی بەشدار لەو کۆبوونەوەدا. هەروەها کێشەکانی ئەم دوایی‌یانەی دەوڵەتی ئوردوغان ‌و لایەنی فەتحوڵڵا گوڵەن و کاریگەرییەکانی ئەو کێشە نێوخۆیی‌یانەی تورکیە لەسەر رەوتی ئاشتی لەو وڵاتە باس کرد.
ناوبراو لەو باوەڕەدا بوو کە پرسی کورد لە بەرەو پێشکەوتن دایە ‌و گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی ‌و نەتەوەیی‌یەکانی پێویستە بە گوتارێکی ئەمڕۆیی‌یانەوە لەم بارودۆخە سیاسییەدا هەنگاو هەڵگرێ. لە درێژەی ئەم باسەدا مەسەلەی رۆژئاوای کوردستان‌ و سیاسەتی PYDی ئاماژە پێ کرد ‌و سیاسەتی دەوڵەتی بەشار ئەسەد‌ و دەستێوەردانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی کورد لە رۆژئاوای باس کرد.
بەشێکی دیکەی باسی ئەو دیدارەوە پێوەندی بە رەوشی کوردستانی ئێران بوو ‌و لەو پێوەندییەدا بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان، سیاسەتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و روانگەی بە نیسبەت پرسی کورد بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی قسەی کرد و لەسەر کۆمەڵێک پرسیاری هاوڕێیانی پارتی وڵاتپارێز ‌و سوسیالیستی باکوور روونکردەوەی دا.
بە نیسبەت پرسی کورد لە باکوور ‌و رۆژئاوا ‌و پشتیوانی‌کردن لە ویست‌ و داخوازییەکانی کورد جەختی کردەوە ‌و سپاسی هەر دوو حیزبی دۆستی لە باکووری کوردستان بۆ سەردانەکەیان کرد ‌و لەسەر پێوەندی برایانە ‌و دۆستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵیان جەختی کردەوە.