کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید

15:08 - 6 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە سەر بانگهێشتی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، سەردانی ئەو نوێنەرایەتییەی کرد و لە لایەن وەفدێکی ئەو نوێنەرایەتیە بە سەرپەرەستیی شۆڕش قادر پێشوازییان لێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتی دەفتەری نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید، سەردانی ئەو نوێنەرایەتییەی لە شاری ستۆکهۆڵم کرد.

لەو سەردانەدا، دوو لایەن کۆمەڵێک باسی تایبەت بە کوردەکان لە دەرەوەی وڵات، بارودۆخی کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان و هێرشەکانی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و قارەمانیەتیی پێشمەرگەکانی کوردستانیان خستە بەر باس.

هەروەها لەو سەردانەدا، باسی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە و هەستی هاوکاریی و نزیکایەتی لە نێوان کوردەکانی هەر چوار پارچە و چالاکییە نەتەوەییەکان لە وڵاتی سوید کرا و دوو لایەن، بیرو ڕای خۆیانیان پێشکەش کرد.

لەو پێوەندییەدا، بەڕێز حەسەن شەرەفی ڕا و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی پێشکەش بە وەفدی خانەخوێ کرد و بەڵێنی دا کە حیزبی دێموکرات وەک هەمیشە ئامادەی هەر شێوە هاوکارییەکە کە بە قازانجی کورد و کوردستانە و لەو پێوەندییەشدا هیچ درێغییەک ناکات.