کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعید مورتەزەوی دادستانی پێشووی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرا

13:48 - 17 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: سەعید مورتەزەوی لێپرسراوی رێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی و دادستانی پێشووی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کرا.
هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردەوە، ئەو لێپرسراوە رێکەوتی ١٦‌ی رێبەندان لەبەردەم شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنی روون نەبۆتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە روو، سەعید مورتەزەوی دوای دەسبەسەر کرانی بۆ زیندانیی ئێوین راگوێزراوە.
دوابەدوای هەواڵی دەسبەسەرکرانی مورتەزەوی، ئەحمەدی نژاد سەرکۆماری حکوومەتی ئێران ئەو هەوڵەی مەحکووم کردووە.
مەحموود ئەحمەدی نژاد بەر لە سەردانی بۆ وڵاتی میسر وتی: دەسبەسەر کردنی ئەو لێپرسراوە کارێکی نەشیاوە و دوای گەڕانەوەم لە سەفەر بەدوادا چوونی ئەو دۆسیەیە دەکەم.
مورتەزەوی یەکێک لە تاوانبارانی رووداوی گرتنگەی کەهریزەکە، لە سەرەتای دەسپێکی ناڕەزاییەتییەکان بە ئاکامی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ساڵی ١٣٨٨ ژمارەیەک لە ناڕازییان بردرانە ئەو گرتنگەیە و ژمارەیەکیان لەژێر زەخت و گوشاردا گیانیان لەدەست دا.
دانانی سەعید مورتەزەوی بۆ پۆستی رێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ رەخنە و پەرچەکرداری مەجلیس بەرەوڕوو بووە و کێشەکانی دەوڵەت و مەجلیس بە نرخی لابردنی وەزیری تەعاون و کار لە پۆستەکەی تەواو بوو.
رەخنە گران لەو باوەڕەدا بوون، مورتەزەوی لە رووداوی کەهریزەکدا تاوانبارە و شیاوی بەرپرسیاریەتی رێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی نەبوو.