کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی كۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموكرات بەشداریی رێوڕەسمی بیرھێنانی شەھیدانی شنگالی کرد

16:42 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێورەسمێك بۆ رێزلێنان و بیرھێنانەوەی شەھیدانی كارەساتی شنگال لە كۆپێنھاگی پێتەختی دانمارك بە بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکرات ــ شێلەند بەرێوە چوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەكشەممە رێکەوتی ٩ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، كاتژمێر ٤ی ئێوارە لە شاری كۆپێنھاگ، رێورەسمێك بە مەبەستی رێزگرتن لە گیانی قوربانییانی کارەساتی شنگال و هەروەها پشتگیری لە کوردانی ئێزدی، بە پشتیوانی كۆمیتەی هەماهەنگی ھێزە كوردستانییەكان و ژنە چالاكڤانی كوردستانی ئێران، سولەت جەمشیدی و جەلال سەلیمی، بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا زۆربەی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ھەر چوار بەشی كوردستان و یەل لەوان شاندی كۆمیتەی شێلەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بەشدار بوون.
لە دەستپێكی رێورەسمەكەدا سەرۆكی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردیەكانی دانمارك، عەدنان ئاغاجان پەیامی كۆمەڵە كوردیەكانی پێشكەش كرد، ناوبراو لە پەیامەكەیدا وێڕای شەرمەزار كردنی كردەوە تیرۆریستیەكانی داعش، پشتگیری كۆمەڵە كوردیەكانی وڵاتی دانماركی بۆ كوردانی ئێزدی و باشووری كوردستان دووپات كردەوە.

لەو رێورەسمەدا ھەژمارێكی زۆر لە كوردانی دانیشتووی وڵاتی دانمارك و حیزب و كۆمەڵە كوردستانییەكان، باڵوێزانی وڵاتانی عێراق و ئەرمەنستان، كەسایەتی و سیاسەتمەدارانی دانماركی بەشدار بوون و پشتگیری خۆیان بۆ باشووری كوردستان و كوردانی ئێزدی دەربڕی.

هەروەها رۆژنامەوان دەنیز بەرخۆدان، باسی لە سەفەری خۆی بۆ باشووری كوردستان و بینینی ئاوارە كوردەكانی ئێزدی كرد و ھەروەھا لە سەر ئەو تاوانەی كە لە ھەمبەر كوردانی ئێزدی كراوە بە وردی قسەی كرد.

لە نێوئاخنی رێورەسمەكەدا لەلایەن ھونەرمەندان فواد تالای و جاھید ئەجە چەند پارچە گۆرانی پێشكەش بە بەشداربوان كرا و ھەروەھا گرووپێكی موزیکی دانماركی بە بەشداری لەو رێورەسمەدا پشتگیری خۆیان بۆ كوردانی ئێزدی و باشووری كوردستان نیشاندا.

ھەروەھا لە رێورەسمەكەدا كۆمێدیەنی ناسراوی وڵاتی میسر، عۆمەر مارزووك، پشتیوانی خۆی بۆ دۆزی رەوای كورد و ھەروەھا كوردانی ئێزدی دەربڕی و كردەوە تیرۆریستیەكانی گرووپی داعشی شەرمەزار كرد.